کیم جۆنگ ئون خۆکوشتن قەدەغە دەکات
K24 - هەولێر:
کیم جۆن ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بە فەرمانێکی نهێنی کە ئاراستەی بەپرسانی شار و شارۆچەکەکانی وڵاتەکەی کردووە، خۆکوشتن قەدەغە دەکات.
بڕیاری قەدەغەکردنی خۆکوشتن لەلایەن سەرۆکی کۆریای باکوورەوە، دوای ئەوەی دێت، کە حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەو وڵاتە بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کۆریای باکوور بە دەگمەن ئامارەکانی مردن ئاشکرا دەکات، بەڵام بە گوێرەی خەمڵاندنەوەکانی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی کۆریای باشوور، ئامارەکانی خۆکوشتن لە مانگی ئایار، بەڕێژەی سەدا 40 زیادی کردووە، بەراورد بە مانگەکانی ساڵی رابردوو.
کیم جۆنگ ئون خۆکوشتن بە "کردەوەی خیانەت لە دژی سۆسیالیزم" ناو دەبات و و رایگەیاند، بەرپرسانی حکومەتی ناوخۆیی بە هاوبەشی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە رێگری بکەن لە کوشتنی خەڵک لە دەسەڵاتی دادوەری خۆیاندا.
رادیۆی ئاسیای ئازاد لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی کۆریای باکوورەوە بڵاویکردەوە، خۆکوشتن لەو وڵاتە گەیشتووەتە ئاستێك، حاڵەتی خۆکوشتنی بەکۆمەڵی خێزانی تۆمار کراوە.
رادیۆی ئاسیای ئازد کە خاوەنی وێبسایتێكی هەواڵییە، ئاماژەی بەوەداوە، بەرپرسانی حکومەتی کۆریای باکوور پێیان وایە زۆربەی خۆکوشتنەکان بەهۆی هەژارییەکی زۆر و برسێتیەوە بووە، بۆیە تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، کەس ناتوانێت رێکارێکی بەرپەرچدانەوەی بۆ دابڕێژێت.