سەرەڕای یاسا توندەکانی جەزائیر رێژەی کۆچبەری لەو وڵاتە لە هەڵکشاندایە
K24 - هەولێر
رۆژی شەممە، هەواڵێک لە جەزائیر بڵاوبووەوە سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی، کە لە رێگەی دەریای ناوەڕاست بەرەو کەنارەکانی ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە.
لە سۆشیال میدیاکانی چالاکوانانی شاری واسیف لە جەزائیر، هەواڵ دەربارەی ئەو گەنجانە بڵاوبوویەوە کە بە بەلەم لە کەناراوەکانی رۆژئاوای جەزائیرەوە بەرەو ئیسپانیا دەچوون دواتر بەهۆی زریانێکەوە وەرگەڕان و گیانیان لەدەستدا.
بە گوتەی ئەو چالاکوانانە، تەنها گەنجێک رزگاری بووە، ئەویش ئێستا لە نەخۆشخانەی وەهرانە، لە پارێزگایەکی کەنار دەریای نزیک دوورگەی ئیسپانیا لە دەریای ناوەڕاست، هەروەها ساڵانە بەسەدان کۆچبەر لەو دەریایە گیان لەدەستدەدەن.
بەسەدان کەس گردبوونەوە لەبەردەم ماڵی گەنجێکی کوسەیلا، کە بەهۆی ئاوی دەریاوە خنکاوە، تا ئێستا بە وردی نازانرێت چەند کەس چوونەتە دەریاوە، بەلەمێک یان چەند بەلەمێک بووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە هۆی شەپۆلەکانەوە بێسەروشوێنن.
بێکاری لەنێو دانیشتوانی واسیفدا بەربڵاوە، هاوشێوەی شارۆچکەکانی دیکەی ناوچەکە، کە دانیشتوانەکەی لەسەر لەوەڕاندنی ئاژەڵ و هەندێک چالاکیی کشتوکاڵی سادە دەژین.
بە گوتەی ئەوانەی بەدواداچوون بۆ وردەکاری کارەساتەکە دەکەن، ئەو گەنجە کۆچبەرانە بە ئۆتۆمبێل بەرەو وەهران بەڕێکەوتوون و لەگەڵ گەیشتنیان بۆ ئەوێ، خاوەنی ئەو بەلەمەی کە بە کرێیان گرتووە، شەوانە چاوەڕێی دەکرد، بارودۆخی کەشوهەواش لە چەند رۆژی رابردوودا خراپ بووە.
بەگشتی ئەو "بازرگانانە" کە کۆچبەران بە قاچاغ دەبەن، لەم جۆرە بارودۆخانەدا خۆیان لە کەشتیوانی بەدوور دەگرن، بەڵام پێدەچێت گەنجەکەی واسیف بڕیاریان دابێت خۆیان بخەنە مەترسییەوە بەو هیوایەی کە لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانەوە نەبینرێت، بەو پێیەی دەورییەکانی لە دەریادا کەم دەبنەوە کاتێک بارودۆخی کەش و هەوای دەریا باش نییە.
چوارشەممەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری جەزائیر، 256 کەسیان رزگارکردووە کە لەناو بەلەمدا بوون بەرەو ئەوروپا.
سەرەڕای دەرکردنی یاسایەک کە پێش 10 ساڵ دەرچووە، کە کۆچبەری نهێنی بە تاوان دەزانێت و سزای زیندانیکردن بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام ساڵ بە ساڵ دیاردەکە لە هەڵکشاندایە.
زانراوە کە شارەکانی عەنابە و سکیکدا خاڵی دەستپێکی بەلەمی کۆچکردنن بۆ ئیتاڵیا، سەبارەت بە وەهران و مستەغانم، بەناوبانگترین شوێنەکانن بۆ کۆچکردن بەرەو ئیسپانیا.