به‌غدا..ده‌یان كه‌س كه‌ پێیانوابوو‌ موقته‌دا سه‌در ئیمامی مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراوه ده‌ستگیركران ‌

موقته‌دا سه‌در
موقته‌دا سه‌در

K24 - هەولێر:

ده‌سه‌‌ڵاتی دادوه‌ری عێراقی ده‌یان كه‌سی له‌وانه‌ ده‌ستگیركرد، كه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئیمامی مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ له‌ به‌غدا، سزای ساڵێك به‌ندكردن بۆ 52 ئه‌ندام و دووساڵیش بۆ رێبه‌ری گرووپێك دەرکرا، كه‌ به‌ (ئه‌سحب قه‌زییه‌) خۆیان ناساندبوو، پێیانوایه‌ موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئیمامی مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراوه‌.

مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو به‌ ئیمامی دوانزده‌هه‌م ئه‌ژمار ده‌كرێت، پێیانوایه‌ له‌ كۆتایی ژیانی مرۆڤایه‌تی ده‌رده‌كه‌وێ و دادوه‌ری له‌سه‌ر زه‌وی بڵاوده‌كاته‌وه‌.

دادوه‌ری تایبه‌ت به‌م كه‌یسه‌ رایگه‌یاندووه‌، رێبه‌ری ئه‌و گرووپه‌ گه‌نجێكی زۆری بۆ نێو گرووپه‌كه‌ راكێشاوه‌، چه‌ندین بڵاوكراوه‌> راگه‌یه‌ندراو و كتێبی بچووكیان تایبه‌ت به‌م ئایدۆلۆژیایه‌ له‌نێو خه‌ڵكی بڵاوكردووه‌ته‌وه.

پێشتریش موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در، به‌بۆنه‌ی یادی 25 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی باوك و دوو براكه‌ی، سه‌ردانی گڵكۆیانی كرد و له‌وێ رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی وه‌ك ئیمام محه‌ممه‌د مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو لێم ده‌ڕوانن، دوژمنی خودان و سه‌ر به‌ ئالی سه‌در نیین‌.