هێڤیدار ئه‌حمه‌د: پێنج ترلیۆن دینار كه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی ته‌رخانكرا نادیاره‌

"یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی بەغدا هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدات"

هێڤیدار ئه‌حمه‌د
هێڤیدار ئه‌حمه‌د

K24 - هەولێر:

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌و چه‌ند ساڵی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بودجه‌ی هه‌بووه‌، زیاتر له 10 ترلیۆن و 75 ملیار دینار بۆ ئاوەدانی پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوه.

هێڤیدار ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌و پاره‌ی كه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانی ته‌رخانكرا، پێنج ترلیۆن دینار له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ تۆماركراوه‌ و ره‌وانه‌ی ئه‌و پارێزگایه‌ كراوه‌، نادیاره.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، مانگانه 300 ملیار دینار له داهاتی هەرێمی كوردستان بۆ سلێمانی رەوانه کراوه. گوتیشی: "تەنیا گرووپێک له سلێمانی مامەڵه به داهاتی سلێمانی دەکەن".

هیڤیدار ئەحمەد باسی له‌وه‌شكرد، یەکێتی لەگەڵ هەندێک لایەنی بەغدا، هەوڵی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەدات.

له‌باره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق، هێڤیدار ئەحمەد ده‌ڵێت: پشکی هاووڵاتیانی هەرێم بەراورد به پارێزگاکانی دیکەی عێراق 20% کەمتره.

گوتیشی: "پارتی بۆ ئەوەی کوردستان زەرەرمەند نەبێت، باجی زۆری داوه".

ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ ده‌ڵێت: "با خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی یه‌كێتیان له‌كاتی هه‌ڵبژاردن كه‌ نزیكه‌ له‌بیر نه‌چێت، بزانێت كێ دۆستییه‌تی و كێش دوژمن".

باسی له‌وه‌شكرد، هه‌موو ئاواته‌كانی عێراق له‌تكردنی هه‌رێمی كوردستانه‌، هه‌موو ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment