ئیخڵاس دلێمی: لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگیان بە بڕگەی پاشەکەوتی مووچە نەدا

K24 – هەولێر
ئیخڵاس دلێمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی، لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگیان بە بڕگەی دانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەدا.
ئیخڵاس دلێمی، بە کوردستان24ی گوت: "هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوای گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەیان دەکرد، فراکسیۆنی پارتی واژۆی کۆکردەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە جدی کاری لەسەر ئەو بابەتە کرد، بەڵام لایەنەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی دەنگیان بەو بڕگەیە نەدا و لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون و ئەو بڕگەیە شکستی هێنا".
گوتیشی: "بڕگەی گواستنەوەی مامۆستایان لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی سنووری پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە دەنگی پێویستی نەهێنا، هەرچەندە لایەنە کوردستانییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو بڕگەیان دەکرد، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی و لایەنە شیعەکانی دیکە دەنگیان پێنەدا".