ئاسۆ عەبدوللـەتیف: لێکترازان لەنێو ماڵی کورد رووینەداوە

ئاسۆ عەبدوللـەتیف
ئاسۆ عەبدوللـەتیف

K24 - هەولێر:

چاودێری سیاسی، ئاسۆ عەبدوللـەتیف سەبارەت بە کۆدەنگی لایەنە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێرق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەڵێت: لێکترازان لەنێو ماڵی کورد رووینەداوە و هێشتا مەترسی گەورە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دروست نەبووە.

ئاسۆ عەبدوللـەتیف بە کوردستان24ـی راگەیاند، کورد لە هەموو پرۆژەیەکدا لەنێو پەرلەمانێکی زۆرینە مەزهەبی توندڕەوی وەلائی فاشیستدا، هەر دەنگدانێک لەسەر هەر پرۆژەیاسایەک بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان، بە دۆڕاو دێتە دەرەوە، چونکە ئەو زۆرینەیە مەترسیدارن و هەر پرۆژەیەکیش بیانەوێت بە دڵی ئەجێنداکەی خۆیان لە پەرلەمان تێیدەپەڕێنن.

ئەو چاودێرە سیاسیە بە پێویستی دەزانێت کورد ئەمجارەیان عەقڵانیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیە سیاسیانە بکات، گوتیشی: ماڵی کوردی هێشتا لێکنەترازاوە، هێشتا مەترسی گەورە لەسەر قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان دروست نەبووە.

بە بڕوای ئاسۆ عەبدوللـەتیف، باشتر وایە کار لەسەر تۆخکردنەوەی ئەو درزانە نەکەین، کە شیعەکان بە درێژایی چەند ساڵی رابردوو لە بەغدا، هەڵمەتێکی میدیایی سیاسیی ئایدۆلۆژی گەورەیان دەستپێکردبوو بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەوەی لە پەرلەمانی عێراق روویدا، ئەو چاودێرە سیاسیە ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی پێشوودا ئەوەی بەرانبەر بە ماددە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق روویدا، تەقینەوەی گەورە نییە، بەڵام لێدانێک بوو لە شکۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەمەودوا باشتر خۆی رێکبخاتەوە.