لە بۆردومانێکی تورکیادا پێنج سەربازی رووسیا کوژران و برینداربوون

وێنەی رووداوەکە
وێنەی رووداوەکە

K24 - هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگای ئوملحوش-حەربەل، لەباکووری حەلەب، تورکیا بە تۆپی قورس کاروانێکی سەربازی رووسیا دەکاتە ئامانج و بۆردومانیان دەکات.

روانگە دەڵێت: بەهۆی بۆردومانەکەی تورکیا، سەربازێکی رووسیا کوژراو چواری دیکە بریندار بوو، دوای رووداوەکەش کوژراو و بریندارەکان بە هێلی کۆپتەر دەگوازرێنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەری خۆسەر رایگەیاندبوو، هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە، شەوی رابردوو دەورووبەری گوندی "تەل رەفحەت"یان لەباکووری حەلەب بۆردومان کردووە و زیاتر لە 60 تۆپیان لەناوچەکە داوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانکردنەدا 12 چەکداری یەپەگە کوژراون.

لەوەتەی شەڕی ناوخۆی سووریا لە ساڵی 2011 ەوە دەستی پێکردووە، رووسیا هێزەکانی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد رەوانەی ئەو وڵاتە کردووە و شەڕی نەیارەکانی ئەسەدیان کردووە.