سێ گەشتیاری بەریتانی لە میسر گیانیان لەدەستدا

K24 - هەولێر
یەکێک لە بەشداربووانی رزگارکردنی سەرنشینانی کەشتیێکی گەشتیاری کە لە دەریای سوور لە کەناری گەشتیاری مورسی عەلەم لە میسر ئاگری گرت، رایگەیاند، بەگوتەی دەسەڵاتداران سێ بەریتانی بەهۆ رووداوەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
مستەفا دروب بەڕێوەبەری ناوچە گەشتیاریەکە رایگەیاند، "کاتێک کەشتیەکە ئاگری گرت، قوربانییەکانی ناو کەشتیەکە نەیاندەویست خۆیان فڕێ بدەن، بەڵام هەندێک گەشتیاری دیکە خۆیان فڕێدایە ناو دەریاکەوە، کاتێک بەلەمەکانی رزگارکردن هاتن، ئەوانەیان رزگارکردن کە خۆیان فڕیدابووە ناو دەریاکەوە، لە کاتێکدا سێ گەشتیار لەناو ژوورەکانی نوستندا گیانیان لەدەستدا".
درۆب دەڵێت، رۆژی یەکشەممە، کەشتیە گەشتیاریەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆرییەکانی ئۆکسجینەوە بووە، هەروەها لە رووداوەکەدا 24 کەس رزگارکران و کەشتیەکەش بەتەواوی سووتا.
بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی بەرپرسانی پارێزگای دەریای سوور، سەبارەت بە بارودۆخی رووداوەکە دەڵێن: رۆژی یەکشەممە، کەشتی گەشتیاری سەفاری ئاگری گرت، کە 15 سەرنشینی ئینگلیزی و 10 ئەندامی تیمی کەشتیەکەی هەڵگرتبوو، جگە لە دوو رێبەر.
ئاگرەکە هاوکات بوو لەگەڵ کردنەوەی چالاکیەکانی دەریای سوور، دوای داخرانی بۆ ماوەیەکی کورت، چونکە لە پێنجشەممەی رابردوو لەشاری غەردەقەی میسر قرشێک گەشتیارێکی رووسی خواردبوو.
سەرۆکی سەندیکای رێبەرانی گەشتیاری دەریای سوور، رایگەیاند، لە ئێستادا کەرتی گەشتیاری جولانەوەیکی باش بەخۆوە دەبینێت لە پارێزگاکەدا، دەشڵێت، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی غەردەقە هەفتەی رابردوو سێ هێڵی ئاسمانی نێودەوڵەتی نوێی راگەیاند، هەروەها چەندین داواکاری هەیە لەلایەن هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ شارە گەشتیاریەکانی میسر، ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەرنجڕاکێشانی گەشتیاران بۆ دەریای سوور لە نەتەوە جیاوازەکانەوە.