خەرجییەکان بۆ چەکی ئەتۆمی له جیهاندا زیادیكردووه

K24 - هەولێر:
چەندین دەیەیە وڵاتان هەوڵدەدەن ژمارەی چەکە ئەتۆمییەکان کەمبکەنەوە، بەڵام سێ ساڵە خەرجییەکان بۆ ئەو چەکە کوشندەیە لە زیادبووندان، لە ساڵی 2022دا، 82 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار لەو چەکانەدا خەرج کراون، ئەمهریکا زۆرترین خەرجی هەبووە کە دەکاتە زیاتر لە نیوەی خەرجییەکانی ساڵی رابردوو، چینیش زۆرترین کڵاوەی ئەتۆمی لە ماوەی ساڵێکدا دروستکردووە.
چەکی ئەتۆمی کوشندەترین و وێرانکەرترین چەکە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، لە جیهاندا نۆ وڵات خاوەن ئەو چەکەن، کە لە ئەمهریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا، بەریتانیا، پاکستان، هیندستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوور پێکدێن، چەندین دەیەیە هەوڵدەدرێت ژمارەی ئەو چەکانە لە جیهاندا کەم بکرێنەوە، بەڵام ئەمە سێیەم ساڵە لەسەر یەک، وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی و بە تایبەت چین، خەرجییەکانیان بۆ جبەخانە ئەتۆمییەکان زیادکردووە.
پەیمانگەی نێودەوڵەتی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی ئاشکرای دەکات، ساڵی رابردوو ژمارەی کڵاوە ئەتۆمییەکان لە هەر نۆ وڵاتەکە 12 هەزار و 710 کڵاوە بووە، لە سەرەتای 2023 ژمارەکە بۆ 12 هەزار و 512 کڵاوە کەمیکردووە.
لەو ژمارەیەش، نۆ هەزار و 576 کڵاوە بۆ بەکارهێنانی سەربازی دەشێن، پەیمانگاکە ئاشکرای دەکات، بەراورد بە ساڵی رابردوو، 86 کڵاوەی ئەتۆمی زیادیکردووە.
بەگوێرەی راپۆری هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی چەکی ئەتۆمی، لە 2022 هەر نۆ وڵاتەکە 82 ملیار و 900 ملیۆن دۆلاریان لە چەکە ئەتۆمییەکانیان خەرجکردووە، لەو ژمارەیە، تەنیا ئەمهریکا 43 ملیار و 700 ملیۆنی خەرجکردووە.
بەراورد بە 2021، ٪3 خەرجییەکان زیادییان کردووە، واتا لە هەر خولەكێک، 157 هەزار و 664 دۆلار بۆ کڵاوە ئەتۆمییەکان خەرجکراون.
ئەو وڵاتەی زۆرترین رێژەی زیادکردنی کڵاوە ئەتۆمییەکانی لە سەرەتای ساڵی رابردوو تا سەرەتای ئەمساڵ بەخۆوە بینیوە چینە، کە لە 350 کڵاوە، بۆ 410 کڵاوەی ئەتۆمی زیادیکردووە، هەروەها 11 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە.
هەروەها هیندستان، پاکستان، کۆریای باکوور و هەروەها رووسیاش بەڵام بەرێژەکەی کەم، کڵاوەکانیان زیادکردووە، لە یەک ساڵدا، ژمارەی کڵاوه ئەتۆمییەکانی رووسیا، لە چوار هەزار و 477 کڵاوە بۆ چوار هەزار و 489 کڵاوە زیادییان کردووە، بۆ ئەم زیاد کردنەش، نۆ ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، کە لەگەڵ ئەمهریکا ٪90 چەکە ئەتۆمییەکانی جیهان پێکدەهێنن.
هیندستان دوو ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری لە کڵاوە ئەتۆمییەکانی خەرجکردووە، واتا خەرجییەکانی بەرێژەی ٪21.8 زیادیان کردووە.
بەریتانیاش شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە، بەرێژەش ٪11 خەرجییەکانی زیاد کردووە.
ژمارەی کڵاوەکان
2022
12,710 کڵاوەی ئەتۆمی
2023
12,512 کڵاوەی ئەتۆمی
شیاو بۆ بەکارهێنان
9,576
86 کڵاوەی ئەتۆمی زیادیکردووە
زیادبوونی خەرجییەکان
2022
82.9 ملیار دۆلار
ئەمهریکا
43.7 ملیار دۆلار
بەراورد بە 2021
٪3 زیادبوونی خەرجییەکان
157,664 هەزار دۆلار بۆ هەر خولەکێک
چین
350 بۆ 410
11.7 ملیار دۆلار
هیندستان – پاکستان – کۆریای باکوور
رووسیا
4,477 بۆ 4,489 کڵاوەی ئەتۆمی
9.6 ملیار دۆلار
٪90 رووسیا و ئەمریکا
هیندستان
2.7 ملیار دۆلار
٪21.8
بەریتانیا
6.8 ملیار دۆلار
٪11