سامان بەرزنجی: هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پزیشکی ئوردن وەربگرێت
K24 - هەولێر:
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ تیمێکی پزیشکی ئوردنی سەردانی هەرێمی کوردستانیانکرد کە تیایدا ژمارەیەک نەشتەرگەری ئەنجامدەدەن و مەشق و راهێنانیش بە پزیشکانی کوردستان دەکەن. هاوکات گوتیشی: هەرێمی کوردستان دەیەوێت سوود لە ئەزموونی پزیشکی ئوردن وەربگرێت.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشیدەکات، رایگەیاند، تیمێک تەندروستی ئوردنی بۆ راهێنان بە پزیشکان هاتوونەوە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە پزیشکانی وڵاتی ئوردن پسپۆڕیە جیاوازەکان مەشق و راهێنان بە پزیشکانمان دەکەن و ژمارەیەک نەشتەرگەرییش ئەنجامدەدەن، هەروەها دواتر سەردانی سلێمانی و دهۆکیش دەکەن.
هەروەها راشیگەیاند، پەیوەندیەکی باشمان هەیە لەگەڵ ئوردن، هەروەها ئوردن وڵاتێکی زۆر پێشکەوتووە لە ناوچەکە و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها ساڵی رابردوو تیمەکانی ئوردن چەندجارێک لەسەر ئاستی باڵا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای کوردستانی بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان، هەروەها متمانەیاندا دا بە نۆ نەخۆشخانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەرێکی راهێنان هەم بۆ بۆردی ئوردنی هەم بۆ بۆردی کوردستانی.
وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی، کەسێک قوتابی خوێندی باڵا بێت بۆ بەدەستهێنانی پسپۆڕی لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان، دەتوانێت راهێنان بکات تا وەرگرتنی پسپۆریەکەی، هەروەها بۆ بۆردی پزیشکی ئوردنیش بە هەمان شێوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، سامان بەرزنجی، ئاماژەی بەوەکرد، نەخۆشخانەکانی کەرتی تایبەتی ئوردنی بە سیستمێک لەگەڵ کەرتی گشتی رێکخراوە، ئێمە دەتوانین سوود لەو پێکەوە کارکردنەی نێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی وەربگرین، چونکە لە ئێستادا هەرێمی کوردستانیش لە بواری تەندروستی لە کەرتی تایبەتدا زۆر پێشکەوتووە، هەروەها ژمارەی نەخۆشخانە تایبەتەکانیش روو لە زیادبوونە.
روونیکردەوە، بۆ ئێمە لە وەزارەتی تەندروستی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت هەمان ئامانجمان بۆی هەیە، نەمانهێشتووە کوالێتی کەرتی گشتی داببەزێت.
گوتیشی، بیمەی تەندروستی لە وڵاتی ئوردن زۆر پێشکەوتووە، ئەو رەشنووسەی کە پێشکەشمانکردووە بۆ یاسای بیمەی تەندروستی دەتوانین سوود لە بیمەی تەندروستی ئوردنی وەرگبرین، چونکە بیمە تەندروستی ئوردن سیستمێکی زۆر سەرکەوتوو و پێشکەتووە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵمان لە پەیوەندی باشدانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنتڕۆڵی ئوردنی.
لەبارەی چارەسەری شێرپەنجە، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، خزمەتگوزارییەکانی شێرپەنجە لە وڵاتی ئوردن زۆر پێشکەوتووە یەکەمن لەسەر ئاستی ناوچە و شەشەمن لەسەر ئاستی جیهان، هەروەها سەنتەری (حوسێن) بۆ شێرپەنجە ئێستا لە خزمەتگوزاری چارەسەرییەوە بووەتە سەنتەرێکی ئەکادیمی راهێنان و فێربوون و پێدانی پسپۆڕی.
هەروەها راشیگەیاند، ئێمە لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی بتوانین سوود لەو سەنتەرە وەربگرین بۆ پسپۆڕییەکان و راهێنان، لە ئایندەدا دەتوانین لە رووی نەشتەرگەری چاندنی مۆخی ئیسک و کۆمەڵەی خزمەتگوزاری و پشکنینی نوێ، لێیان سوودمەندبین.
سامان بەرزنجی، باسی لەوەشکرد، ئەو توشبووی شێرپەنجانەی کە لە هەرێمی کوردستان چارەسەرنابن، لە بری بچنە وڵاتێکی دوور بۆ چارەسەری، ئێمە دەیاننێرێنە سەنتەری (حوسێن) بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە ئوردن.
لەبارەی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: لە ماوەی رابردوو تێمێکی وڵاتی سعودیە سەردانی بەشێک لە نەخۆشانەکانی هەولێریان کرد و رایانگەیاند، "هیچ پێویستیتان بە دەرەوەی وڵات نییە بۆ چارەسەری نەخۆش، بەڵکو پێویستە نەخۆشانی دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەکانی هەولێر بکەن".
گوتیشی: رۆژ بە رۆژ متمانەی هاووڵاتییان بۆ کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنینەوە، هەروەها دەمانەوێت متمانەی نێوان هاووڵاتیان و کەرتی تەندروستی بەهێزتر بکەین.
سەبارەت بە هەوکردنی پەردەی مێشک، سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەدا، هەوکردنی پەردەی مێشک لە هەرێمی کوردستان ئەوە بۆ دووەمین هەفتە دەچێت رێژەکە زۆر کەمبووەتەوە، ئەمە ڤایرۆسیە و هیچ حاڵەتێکی مردن بەو نەخۆشییە تۆمارنەکراوە، هیوادارین هاووڵاتییانیش پابەندبن بە بەرنامەکانی پێکوتە بە مناڵە نەخۆشەکانیان، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەرگری بەرامبەر ئەو نەخۆشییە دروستبکەن.
لەبارەی پەتای خوێنبەربوونیش، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایکرد، پەتای خوێنبەربوون تا ئیستا چوار حاڵەت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەڵام لە خوارووی عێراقدا حاڵەتەکان زۆرن.
گوتیشی: ئەوانەی توشبوونە یان ئاژاڵدارن یان لە سەربڕخانەکانی ئاژەڵان کاریان کردووە، دەبێت هاووڵاتییانیش هۆشیاربن و ئاگادارمان بکەنەوە لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو کو رووبدات، هەروەها پێویستە هاووڵاتییان گۆشت لە شوێنە فەرمییەکان بکڕن و و خۆیان بە دووربگرن لەو شوێنانەی کە فەرمی نیین، هەروەها بەدووربن لەو شوێنانەی کە ئاژەڵی تێدا سەردەبڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (12ــی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیدار و هەفتەی تەندروستی کوردستانی - ئوردنی، لە هەولێر دەستیپێکرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا "لە ماوەی رابردووشدا وڵاتی ئوردن هاوکار و پاڵپشتی گەورەی هەرێمی کوردستان بووە بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی بووەتە هاندەرێک باش بۆ ئێمە".
وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند "چەندین کێشە و گرفت لە بواری تەندروستی هەن، بەتایبەتی بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکەین زیاتر پاڵپشتی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکان بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی دەستیپێکردووە".
سامان بەرزنجی، گوتی: "بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتی ئوردن متمانەی بە نۆ نەخۆشخانەی هەرێمی کوردستان بەخشیوە، بۆ ئەوەی وەکو سەنتەری راهێنان و پسپۆری بناسێنرێن".
د. ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، لە دیدارەکە بەشدارە وتارێکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ رێکخستنی ئەو دیدارە لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی، گوتی: "بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی لەم دواییەدا رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، وایکردووە هاوکاری و هەماهەنگی باشتر لە کەرتی تەندروستی هەبێت".
گوتیشی: "لەم کابینەی حکومەتی عێراق ئەولەویەت بۆ کەرتی تەندروستی دانراوە، کاریشمان لەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەی زیاتر کردووە".
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن لە وتەیەکدا رایگەیاند، کە خۆشحاڵە لە هەولێر بەشداری لەو لوتکەیە دەکات، بۆ پەرەپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئوردن لە کەرتی تەندروستی".
وەزیری تەندروستی ئوردن، گوتی: "ئێمە لە چەندین کەرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەین، لەسەر فەرمانی شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، لە کەرتی تەندروستیش پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەکەین، ئێمە ئامادەیمان هەیە بۆ لە کەرتی تەندروستی پاڵپشتی و هاوکاری هەرێمی کوردسان بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەتوانین ئاسانکاری زیاتر بکەین بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئوردن بکەن، لیژنەیەک دروستکراوە بۆ چاودێریکردنی ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئوردن دەکەن تا ئەوکاتەی دەگەڕێنەوە چاودێریان دەکرێت، هەروەها پزیشکەکانمان بەردەوام سەردانی نەخۆشەکان دەکەن لەو ماوەیەی کە لەوێ دەمێننەوە".
جەختیکردەوە، وەکو ئوردن دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستی.