ئاری هەرسین: برادەرانی یەکێتی لەپێناو دەستکەوتێکی بچووک هەموو شتێک دەکەن
K24 – هەولێر
ئاری هەرسین رایدەگەیەنێت: خەڵکی کوردستان هەقی خۆیانە رەخنە لە یەکێتی بگرن، لەبەر ئەوەی نەدەبوو یەکێتی لەبەر خاتری هەر شتێک بێ مامەڵە لەگەڵ هەندێک لایەنی عەرەبی شۆڤێنی بکات، دەشڵێت: "برادەرانی یەکێتی لەپێناو دەستکەوتێکی بچووک هەموو شتێک دەکەن".
ئاری هەرسین، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، لەبارەی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی بوجە، گوتی: "هۆکاری سەرەکیی ئەوەیە کێشەکانی نێوان خۆمان لە هەرێمی کوردستان چارەسەر نەکردووە، ئەوە رەنگدانەوەی هەبووە لە بەغدا".
گوتیشی: "هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە برادەرانی یەکێتی هەموو شتێک دەکەن لەپێناو دەستکەوتێکی بچووک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان هێزێکی گەورەیە، لە دوای پارتی گەورەترین هێزە لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوە پەیوەندی لەگەڵ هێزە عێراقییەکان هەیە توانای لۆبی کردنی هەیە، بۆیە خەڵکی کوردستان هەقی خۆیانە رەخنە لە یەکێتی بگرن، لەبەر ئەوەی نەدەبوو یەکێتی لەبەر خاتری هەر شتێک بێ مامەڵە لەگەڵ هەندێک لایەن بکات کە هەندێکیان عەرەبی شۆڤێنین".
ئاری هەرسین، ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ساڵی 2003وە تا ئێستا شەش مانگ سەقامگیری سیاسی، ئەمنی و ئابووری لە عێراق نەبووە، ئەوانەی ئەمڕۆ دەستیان خستووەتە ناو دەستی یەکتر و هەڵدەپەڕن، لە خۆشی ئەوەی کە هەنگاوێکیان بۆ لەتکردنی هەرێمی کوردستان ناوە، رەنگە سبەی رووبەڕووی یەکتر ببنەوە و شمشێر لە یەکتر راکێشن".
سەبارەت بە جێبەجێ کردنی دەستوور لە عێراق، رایگەیاند: "ئەوانەی لە عێراق باڵا دەستن ئیرادەی ئەوەیان نییە دەستوور جێبەجێ بکەن، لە ساڵی 2005ـەوە کە دەستووری عێراق هەیە بەمشێوەیە بووە، لێدوانی بەشێک لە عەرەبەکانی عێراق لەبارەی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان گاڵتە پێکردنە، دەڵێن لەتمان کردن".
ئاری هەرسین، دەشڵێت: "سەرکردایەتی کردنی پاراستنی هەرێمی کوردستان و مافی پێکهاتەکان سەرۆک بارزانییە، بەو مانایە نییە کە خەڵکی تر نیشتمان پەروەر نییە، بەڵام خەڵکی تر یان خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە یان وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵوێستی نواندووە، ئەوەش هەڵوێستەکەیەتی کە دەیبینین، لە هەموو سەیرتر ئەوەیە ئەو پەرلەمانتارانەی بەشداربوون لە گفتوگۆکان رۆڵی پەیامنێری تەلەڤزیۆنیان دەبینی، نە کوالێتی پەرلەمانتارەکان هی ئەوە بوو نە سەرکردایەتی ئەو حزبانەی کە داوایانکردووە بودجە راستەوخۆ بچێت بۆ پارێزگایەکی ناڕازی، بیریان چووەتەوە کە لەتکردنی هەرێمی کوردستان بە دەست ئەوان عێراق نییە و ئەو بریارە لە عێراق گەورەترە".
باسی لەوەشکرد: "کاتێک ئێمە رەخنەمان لەوە دەگرت یان دەبێ بگونجێن یان ئیدارە جیا بکرێنەوە، هەر ئەم سەرکردایەتییەی یەکێتی بوو دەیانگوت ئێمە بە خوێنی خۆمان یەکپارچەی هەرێمی کوردستان دەپارێزین، بۆیە لام سەیرە کە یەکێتی خۆی بە شۆڕشگێر دەزانێت و لەشکرێک شەهیدی داوە و هەزاران پێشمەرگەی بریندار و کەمئەندامی هەیە، چۆن دەچێتە بەرەی داگیرکەر و دوژمنی خەڵکی کوردستان، ئەو شەڕەی یەکێتی کردویەتی لەسەر بەرژەوەندی خەڵک نییە، بەڵک بۆ بەژەوەندی ئابووری خۆیانە".
ئاری هەرسین، ماوەیەک لەمەوبەر لە پەیامێکدا دەستلەکارکێشانەوەی لە ریزەکانی پارتی راگەیاند، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکراوە، لەوبارەوە دەڵێ: "سەردانی سەرۆک بارزانیم کرد و گوێی بۆ قسەکانم گرت و ئەو تێبینیانەی پێشتر بە نووسین ئاراستەی جەنابیانم کردبوو جارێکی تر خستمەڕوو، من لە رووی دەروونیەوە زۆر ئاسوودە بووم و هەستم کرد رێزێکی زۆر لە بۆچوونەکانم نراوە، من کە دەستم لەکارکێشابووەوە بۆ پۆست و ئیمتیازات نەبوو، بەڵکو بابەتەکە مەعنەوی بوو پەیوەندی بە رێکخستنی حزبەوە هەبوو، لە هەمووی گرنگتر جەنابی سەرۆک گوتی: دەستلەکارکێشانەوەکەت قبووڵ ناکەم و دەبێ بیکێشێنیەوە، منیش ئەگەر قسەی هەموو کەسێک بشکێنم ناتوانم قسەی جەنابی سەرۆک بشکێنم".