جووتیارێکی گوندی تۆپزاوە: هەتا چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزرێتەوە واز لە مانگرتن ناهێنین

K24 – هەولێر:
محەممەد فارووق، جووتیار لە گوندی تۆپزاوە، رایدەگەیەنێت، خەڵکی کەرکووک تەنها ئومێدی بە سەرۆک بارزانی هەیە کە چارەسەری کێشەکانیان بۆ بکات. هاوکات گوتیشی: هەتا چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزرێتەوە واز لە مانگرتن ناهێنین.
محەممەد فارووق، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، سەرۆک بارزانی بە هانای خەڵکی کەرکووک هات و لە رێگەی بروسکەکەی جەنابیانەوە کە بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردبوو، بڕیاردرا لیژنەیەک پێکبهێندرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران لەو ناوچانەدا.
هەروەها راشیگەیاند، "بەهۆی هەوڵی سەرۆک بارزانی بوو کە لە دوای 14 رۆژ لە بەردەوامی مانگرتنەکانمان پارێزگاری بە زۆر سەپێندراوی کەرکووک هاتە لامان و بڕیاریدا لیژنەیەک پیکبهێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کورد و توورکمان".
محەممەد فارووق، ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی بەرگری عێراق دەیەوێت زەوییەکان داگیربکەن و بیکەنە پڕۆژی نیشتەجێبوون بۆخۆیان.
گوتیشی: هەتا چارەسەرێکمان بۆ نەدۆزرێتەوە ئێمە بەردەوامدەبین لە خۆپیشاندان، "ئەو زەوییانە موڵکی ئێمەیە تاپۆی عوسمانیمان هەیە، دەیانەوێت بەزۆر ئێمە لەو زەوییانە دەربکەن و بەسەرخۆیاندا دابەشی بکەن".
ئەو جووتیارەی گوندی تۆپزاوە، باسی لەوەشکرد، لە ئیستادا تەنیا رێگەمان پێدراوە زەوییەکانمان دروێنە بکەین لە دوای ئەوە گوتیان بۆتان نییە بگەڕێنەوە سەر زەوییەکانتان، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ هەر کەسێک دەرکردوە کە بیەوێت کاری کشتوکاڵی دەستپیبکاتەوە لەسەر زەوییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، زەوییەکان ئەوانەی دەیانەوێت داگیری بکەن لە 135 هەزار دۆنم پێکدێن بە درێژایی پێنج گووندی کە دەکەوێتە سنووری ساری کەرکووک، کە موڵکی جووتیارانی کورد و توورکمانە.
رێککەوتی (7ــی حوزەیرانی 2023)،محەمەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرۆک مەسعود بارزانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرپرسانی باڵای عێراق لە پەیوەندی دایە لەسەر کێشەی زەوی و زاری گوندی تۆپزاوە و تڕکەڵان لە سنووری کەرکووک.
محەممەد کەمال گوتیشی: سەرۆک بارزانی داوای کردووە کۆتایی بە دەستێوەردانی سەربازی بهێنرێت لەسەر کێشەی زەوی و زاری کوردان لە ناوچە دابڕاوەکان.
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ئاماژەی بەوەشدا، لەلایەن بەغداوە بەڵێنی ئەوە بە سەرۆک بارزانی دراوە، رێکارە سەربازییەکان رابگیرێن و هێز نەچێتە سەر تۆپزاوە و تڕکەڵان.
هەروەها بەڵێنی ئەوەش بە سەرۆک بارزانی دراوە کە بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبوون لە ناوچەی تڕکەڵان بۆ ئەفسەرانی سوپای عێراق، رابگیرێت.