واشنتن پۆست: هەواڵگری هۆڵەندا سی ئای ئەی لە پلانی تەقاندنەوەی بۆڕی گازی نۆرد ستریم ئاگادار کردبوویەوە

بۆڕی نۆرد ستریم
بۆڕی نۆرد ستریم

K24 - هەولێر

هەواڵگری سەربازی هۆڵەندا رایگەیاند، سێ مانگ پێش ئەوەی تەقینەوەکان زیان بە بۆڕی گازی "نۆرد ستریم" بگەیەنن، سی ئای ئەی لە پلانی ئۆکرانیا بۆ تەقاندنەوەی بۆری غازی نۆرد ستریم هۆشداری داوە.

بەگوێرەی پەخشی گشتی هۆڵەندی " NOS"، سی ئای ئەی داوای لە کیێڤ کردووە کە بەردەوام نەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکە

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، دەزگایەکی هەواڵگری ئەوروپی پێشتر پلانی ئۆکرانیای بۆ تەقاندنەوەی بۆڕی گازی "نۆرد ستریم"ی بە سی ئای ئەی راگەیاندووە، بەڵام ناسنامەی ئەو وڵاتە ئاشکرا نەکردووە کە پەیوەندی بە سی ئای ئەی کردووە.

کایسا ئۆلۆنگرێن، وەزیری بەرگری هۆڵەندا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئەمستردام گوتی: ناتوانم لێدوان لەسەر کارەکانی دەزگای هەواڵگریمان بدەم، ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لەلایەن ئەڵمانیا و سوید و دانیمارکەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت.

بۆرییەکانی نۆرد ستریم 1 و 2 کە بۆ گواستنەوەی گازی سروشتی لە رووسیاوە بۆ ئەڵمانیا دیزاینکراون، لە 26ی ئەیلولی رابردووتەقێنرایەوە، بەمەش ماوەیەکی زۆر هەناردەی گازی سرووشتی رووسیا بۆ ئەوروپا وەستا، بەتایبەت ئەڵمانیا کەبەکارهێنەرێکی سەرەکی گازی سروشتی رووسیایە.

هۆڵەندا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە خاوەنی پشکی کۆمپانیای نۆرد ستریم بوو، لەگەڵ رووسیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا.

رووسیا، ئەمەریکا و ئۆکرانیا تۆمەتبار کران بەتەقاندنەوەی بۆڕی "نۆرد ستریم"، بەڵام هەموویان رەتیانکردەوە هیچ بەرپرسیارێتییەکیان لە تەقاندنەوەکەدا هەبێت، هەروەها ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رەتیکردەوە کیێڤ پەیوەندییەکی بەو تەقاندنەوە هەبوبێت.

ئاژانسی " ئێن ئۆ ئێس" هۆڵەندی ئاماژەی بەوەشکردووە، گومان دەکرێت لەلایەن هەواڵگری هۆڵەنداوە پلانەکە دۆزرابێتەوە، کە لەلایەن فەرماندەی گشتی سوپای ئۆکرانیا، "ڤالێری زالوژنی" سەرپەرشتی کراوە و تیمێکی بچووکی ژێر دەریایی تێدابووە کە بەلەمێکی دەریاوانیان بەکاردەهێناوە، بەڵام بەبێ ئەوەی زانیاری زێلێنسکی.

ئاژانسە هۆڵەندیەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو،کە قسەی لەگەڵ چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری نێودەوڵەتی کردووە، کە ئاگاداری ئەوە بوونە دەزگای هەواڵگری سەربازی هۆڵەندا ئەو پلانەیان بینیوە.

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" بڵاویکردەوە کە بەڵگەنامەکان کە لەلایەن پسپۆڕێکی کۆمپیوتەرەوە دزەپێکراون کە لە پاسەوانی ئاسمانی نیشتمانیدا کاردەکات، ئاماژەیان بەوە کردووە، دەزگایەکی هەواڵگری ئەوروپی لە مانگی حوزەیرانی 2022 دا، "سی ئای ئەی"ی لەو پلانە ئاگادارکردووەتەوە.