هاووڵاتییان هیواخوازن بەغدا پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەپێی یاسای بودجە، تێکڕای ئەو پارەیەی مانگانە وەک مووچە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دێت، 906 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، فەرمانبەرێک دەڵێت: گرنگ ئەوەیە یاسایەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و چیدیکە بەغدا بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبڕێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (14ــی حوزەیرانی 2023)، غانم، سەعید، فەرمانبەر، بە کوردستان24ــی راگەیاند، دوای گفتوگۆ و ماندوبوونێکی زۆر بودجەی عێراق پەسەنکرا، هیواخوازە بەغدا پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها راشیگەیاند، "دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی کە شایستە داراییەکانمان بۆ خەرجدەکرێت". گوتیشی: گرنگ ئەوەیە یاسایەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و چیدیکە بەغدا بە بیانووی جیاواز مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەبڕێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەرێم رێبوار، شارەزایەکی ئابووری، دەڵێت: گرنگ جێبەجێکردنی یاسایەکەیە لەلایەن حکومەتی عێراق.

Fly Erbil Advertisment