سەرهەنگ حەمە سەعید: ئەمەریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق

سەرهەنگ حەمە سەعید، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی
سەرهەنگ حەمە سەعید، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی، رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکات گوتیشی: ئەمەریکا دەخوازێت هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەمای رێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت.

سەرهەنگ حەمە سەعید، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هاواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، هەرکاتێک ئاڵۆزی بکەوێتە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەمەریکا هەوڵی چارەسەرکردنی داوە بەردەوامیش دەبێت لە پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی نێوانیان.

هەروەها راشیگەیاند، ئەمەریکا پابەندە بەوەی عێراقێکی یەکگرتوو لەسەر بنەمای فیدڕاڵی لەسەر بنەمای ئەوەی هەرێمی کوردستان مافەکانی لەناویدا  پارێزراو بێت و پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا باش بێت.

بەڕێوەبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئەمەریکا بۆ ئاشتی، جەختی لەوەشکردەوە،  ئەمەریکا ناخوازێت بکەوێتە دۆخێکەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکو دەیەوێت عێراق وەک یەک بەش بێت، بەڵام لەناو ئەو بەشە هەرێمی کوردستان پێگەی پارێزراو بێت و پەیوەندیشی لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت.

سەرهەنگ حەمە سەعید، باسی لەوەشکرد، ئەمەریکا لە دوای 2003ــەوە پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروستکردەوە، هەروەها پشتیوانی کوردی کردووە کە مافەکانی لە دەستوری عێراقدا بچەسپینێرێت و لە کوێدا عێراق ویستوێتی مافەکانی هەرێمی کوردستان پێشێل بکات، ئەو کات ئەمەریکا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی کردووە.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگە، هەروەها لە ئێستادا پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا لە هاوپەیمانێتی سەربازییەوە فراوانتر بووە پیی ناوەتە بوارەکانی وزە، ئابووری و کلتووری، هەروەها ئەمەریکا پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات لە بواری ئابووریدا.