"هێزەکانی ئۆکرانیا بەتاکتیکی ئەمەریکا لە هێرشی پێچەوانە پێشڕەویان کردووە"
K24 - هەولێر
هێزەکانی ئۆکرانیا لە میحوەری زاپۆریژیا و دۆنێتسک لە باشووری وڵات بە هێزێکی پیادەی بچووک و خێرا، بە لاسایی کردنەوەی تاکتیکێکی سوپای ئەمەریکا، پێشڕەوی دەکەن.
ماڵپەڕی فۆربیس، بڵاوی کردەوە، لیوای 35ی دەریایی ئۆکرانیا بە درێژایی باکوورەوە بۆ باشوور لە شارۆچکەی ڤێلیکا نۆڤۆسێلکا بەرەو ماکاریڤکا بە خێرایی پێشڕەویان کردووە.
فۆربیس ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تاکتیکە لە سوپای ئەمەریکا وەرگیراوە، کە پێشتر لە عێراق بەکاری هێنابوو.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فۆربیس، کلیلی سەرکەوتن، لە خێرایی و لێدانەکاندایە کە لیوای 35ی پیادە ئەنجامی داوە، ئەو لیوایە بە زرێپۆشی بەریتانی و زرێپۆشی تورکی و نزیکەی 10 تانکی تۆرباینەکانی غازی T-80BV پڕچەک کراوە.
شێوازی بەکارهێنانی ئەم زرێپۆشانەی لیواکە، کلیلی پێشکەوتنی خێرای یەکەکەیە، لەگەڵ پێشڕەویکردن بە زرێپۆشی بەریتانیا و دۆزینەوەی پێگەکانی رووسیا، هەروەها بەکارهێنانی تۆپخانە سەرەکییەکانی خۆی بووەتە هۆی پێشڕەوی کردنەکە.
بەمەش رووسەکان تەنها سەرنجیان لەسەر زرێپۆشەکان بووە، دواتر دەرکەوتنی چەکدارەکانی لیوای رووسەکانی شۆک کردووە.
رۆژی سێشەممە ئۆکرانیا رایگەیاند، کە هێزەکانی بەرەو پێشەوە دەچن، دوای ماوەیەکی کەم ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، کە دژە هێرشەکانی کیێڤ چەند مانگێک بوو ئامادەکاری بۆ دەکرد شکستی هێناوە.