ئەردۆغان: ئێمە خزمەتکاری میللەتین نەک ئاغا

K24 - ئەنقەرە
بۆ جاری دووەم کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە، کۆبوونەوەکە لە کۆشکی پشتەپە لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، کە نزیکەی 8 کاتژمێری خایاند، دواتر هەر وەزیرێک پلانی خۆی پێشکەش کرد .
لەدوای کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان وتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "ئێمە پێمان وایە ئۆپۆزسیۆن پێویستە فێری رێزگرتن لە میللەت و ئارەزووەکانی گەلەکەمان بێت، هەروەها هەمووان لەو گوتارانەی کە زیان بە ژینگە و سەقامگیری و متمانە دەگەیەنن بە دووربن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەمانەوێت لە سەدەی دووەمی کۆمارەکەماندا لەژێر رێنمایی دەستوورێکی مەدەنی و ئازادیخواز و گشتگیردا بین، کە هەموو چین و توێژەکان لە باوەش بگرین، لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هاوپەیمانی گەلدا پێکەوە کاردەکەین بۆ گەیاندنی تورکیا بۆ دەستورێکی مەدەنی".
ئەردۆغان لە وتارەکەیدا ئەوەشی راگەیاند، "ئێمە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەین کە پاڵپشتی گەشەسەندنی تورکیا دەکەن، خزمەتکاری میللەتین نەک ئاغا".
دەشڵێت، "خانەنشینەکانمان لەناو هەڵاوساندا ناهێڵینەوە، هەروەها کۆمیسیۆنی کەمترین مووچە دەستی بە کارەکانی کردووە، گفتوگۆکان بە شێوەیەکی بنیاتنەربەرەوپێش دەچن".
سەرۆککۆماری تورکیا، رشیگەیاند: "ئێمە پێمان وایە دەگەینە ئەنجامێک کە سەرنجی هەموو لایەنەکان رابکێشێت، نیشانمانداوە کە پێداگرین لە سەردابەزینی هەڵاوسان و گرتنە بەری هەنگاوی خێرا لە لایەن وەزارتی گەنجینە و داراییمان کە پەسەندی کردووە، هەروەها لە قۆناغی نوێدا ئابووریمان بەرز دەکەینەوە .
گوتیشی: "لە مانگی تەمموزدا زیادکردنی مووچەی خانەنشینی کەمئەندامان و کەسوکاریان و خانەنشینی بەساڵاچووان چارە سەردەکەین ، پێش جەژنیش یەک ملیۆن و 400 هەزار هاووڵاتیمان دڵخۆش دەکەین".
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوەکردەوە، "یەکەم کاری ئێمە ئەوەیە کە ئەو10 پارێزگایەی بە هۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی پێگەیشتووە بیخەینەوە سەر پێی خۆیان و نۆژەنی بکەینەوە، هەروەها کۆی گشتی هاوکارییە نەختینەکانمان دەگاتە 61 ملیار لیرە و بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەسەر بەدیلە جیاوازەکان کە دروستکردنی خانووبەرەی بوومەلەرزە لێدراوەکانە، پرۆسە کە خێراتردەکەین و هەنگاوێکی گرینگتر دەنێین.
لەکۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد،"11ناوچەی پیشەسازی دیکە بە رووبەری 2 هەزار و 430 هێکتار رادەگەیەنین، ژمارەی ناوچەی پیشەسازییەکان زیاد دەکەین بۆ 18 ناوچە، لە شارە بوومەلەرزە لێدراوەکان".