سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق كۆبووەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەنگاوەکانی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێدەکات.

رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، هەرچی زووە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی سەرۆكایەتیی هەرێم، حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە، جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆکی هەرێم راگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.

دواتر سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، ئامادەییان نیشاندا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و رێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.