کۆنفرانسی برۆکسل کۆمەکی دارایی زیاتری بۆ سوورییەکان کۆکردەوە

K24 - هەولێر:
لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆنفرانستی پاڵشتی لە داهاتووی سووریا و ناوچەکە، کە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵا و نوێنەری وڵاتانی دراوسێی سووریا و ناوچەکە لە برۆکسل بە سەرپەرشتی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر پشتیوانیکردن لە هاووڵاتییانی سووری کرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023)لە برۆکسێلی پایتەختی بەلجیکا، حەوتەمین کۆنفرانسی پاڵپشتی لە داهاتووی سووریا و ناوچەکە بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی عێراقو ئوردنو لوبنان هەروەها باڵیۆزانی میسرو تورکیا لە برۆکسل و وڵاتانی بەشدار لە کۆمەکیکردنی سووریا بەرێوەچوو.
هاوکات لە کۆنفرانسەکەدا وڵاتە بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان رایانگەیاند بە بەخشینی 10.3 ملیار دۆلار وەک هاوکاری بۆ ملیۆنان سووری کە بەهۆی شەڕ و هەژاری و برسێتییەوە لە دۆخێکی خراپدان لە ناوخۆی وڵاتەکەیان یان پەنابەرن لە وڵاتانی دیکە، پابەندبن.
ئەو بڕە پارەیەش لەلایەن 57 وڵات و 30 رێکخراوی نێودوڵەتی بەشدار لەو کۆنفرانسە ساڵانەیەی کە یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بۆ پاڵپشتیکردن لە سووریا میوانداری دەکات، 800 ملیۆن دۆلاری کەمتربوو لەو بانگەوازە مرۆییەی پێشتر نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاندبوو.
عێراق داوای گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی کەمپی هۆل لە وڵاتان دەکات
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێش کۆنفرانسەکە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان ئاشکرای کرد، ئەوان و وڵاتانی بەشدار لێرەن بۆئەوەی داوای هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا بکەن بۆ ئاوارە سووریەکان و هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی سووریا.
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق بەردەوام هەوڵی کەمردنەوەی فشارەکانی سەر سووریای داوە و داوای لە وڵاتان کرد هاووڵاتییانی خۆیان لە کەمپی هۆل بگەڕێننەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات مامەڵەی جددی لەگەڵ کەمپی هۆل بکەن.
نەتەوەیەکگرتووەکان: پێویستمان بە 11 ملیار دۆلارە بۆ سووریا
لەلایەن خۆیەوە، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە هەر 10 کەسێک لە سووریا نۆ کەسیان لەژێر هێڵی هەژاری دەژین و بۆ گەیاندنی هاوکاری بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە پێویستیان بە زیاتر لە 11 ملیار دۆلار هەیە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی، "زیاتر لە 10 ساڵە خەڵکی سووریا ئازار دەچێژن و نیو ملیۆن هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 12 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر بوون، بەهۆی بوومەلەزرەوە دۆخی مرۆیی لە وڵاتەکە خراپتر بووە و بەجۆرێک لە 10 کەس نۆ کەسیان لەژێر هێڵی هەژارییدا و زیاتر لە 50 ملیۆن هاوڵاتی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە".
گۆتێرێش رایگەیاند، پێویستیان بە 11 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ ئەوەی هاوکاری مرۆیی بگەیەننە هاووڵاتییانی سووریا. ئەنجوومەنی ئاسایش رێڕەوی گەیاندنی هاوکاری بۆ سووریا بۆ ماوەی 12 مانگ درێژکردووەتەوە و لە هاوکارییەکانی بۆ هاووڵاتییانی سوریا بەردەوام دەبێت و پشتیوانی لە سەقامگیری وڵاتەکە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئوردن: 200 هەزار سووری لە ئوردن لەدایکبوونە
ئەیمەن ئەلسەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری کوردستان24 تێیدا ئامادەبوو ئاشکرایکرد، 50%ـی پەنابەرانی سووری لە تەمەنی 15 ساڵیدانە و لە دەستپێکی قەیرانی سووریاوە، 200 هەزار سووری لە ئوردن لەدایکبوونە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاماژەی بەوەشکرد، 10%ـی ئاوارە سوورییەکان لە کەمپەکانی ئوردن دەژین و ئەوانیتر لەناو شارەکان دەمێننەوە و لەلایەن حکومەتی ئوردنەوە بەخۆڕایی خوێندن بۆ پەنابەرە سوورییەکان دابینکراوە کە ژمارەیان 155 هەزار قوتابی دەبێت. هەروەها ئەلسەفەدی روونیکردەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی وەک هاووڵاتییانی ئوردنی پێشکەش بە سوورییەکان دەکرێت و زیاتر لە 370 هەزار مۆڵەتی کارکردنیش بە سوورییەکان دراوە.
ئەمەریکا 920 ملیۆن دۆلار هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا تەرخاندەکات
ئوزرا زێیا، جێگری وەزیری ئاسایشی مەدەنی و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤی ئەمەریکا، لە حەوتەمین کۆنفرانستی پاڵشتی لە داهاتووی سووریا و ناوچەکە لە برۆکسلی رایگەیاند، وڵاتەکەی 920 ملیۆن دۆلاری دیکە وەک هاوکاری مرۆیی بۆ سووریا پێشکەشدەکات.
بەمەش کۆی گشتی هاوکارییە مرۆییەکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ سووریا و ناوچەکە لەمساڵدا دەگاتە یەک ملیار و 100 ملیۆن دۆلار و لە سەرەتای قەیرانی سووریاشەوە لەماوەی 12 ساڵی رابردوو تا ئێستا نزیکەی 16.9 ملیار دۆلار لەلایەن واشنتنەوە بۆ دۆخی سووریا دابینکراوە.
ئەم راگەیاندنەی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی سووریا دەبێتە گەورەترین پاڵشتی دارایی سەبارەت بە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی، کە لەدوای بوومەلەرزەکەی شوباتی ئەمساڵەوە، دۆخی مرۆیی هاووڵاتییانی سووری زیاتر خراپبووە و کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر بژێوی ژیانیان زیاتر بووە.
ئەڵمانیا یەک ملیار یۆرۆ بۆ پەنابەرانی سووری دەبەخشێت
هاوکات حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد بڕی 1.05 ملیار یۆرۆی وەک هاوکاری بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی پەنابەرانی سووریا و ناوچەکە پێشکەشدەکات.
لەمیانی بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکەی برۆکسل، سێڤینیا شولچە، وەزیری هەماهەنگی ئابووری و گەشەپێدانی ئەڵمانی رایگەیاند، لەبیرکردنی قەیرانی سووریا هەڵەیەکی گەورەیە و حکومەتی وڵاتەکەی بەڵێنیداوە بڕی 1.05 ملیار یۆرۆ بۆ سووکردنی دۆخی ژیانی ئاوارەکان لە سووریا و ناوچەکە تەرخانبکات.
پەنابەرانی سووری لە لوبنان لە دۆخێکی خراپدان
دوای گەڕاندنەوەی ژمارەیەک لە پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان، ترسێکی زۆر لەلایەن پەنابەرانی ئەو وڵاتە لە لوبنان دروستبووە بەتایبەتی پەنابەرانی کەمپی سەهل بیقاع.
سەدان خێزانی سووری لەو کەمپەدا نیشتەجێن، لە دۆخێکی مرۆیی خراپدا دەژین و مەترسی ئەوەشیان هەیە بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی حکومەتی لوبنانەوە، ئەوانیش رادەستی سووریا بکرێنەوە.
لە لوبنان نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار پەنابەری سووری نیشتەجێن کە دوای قەیرانی سووریا روویان لەو وڵاتە کردووە و لە ساڵی 2017ـەوە حکومەتی لوبنان پلانی گەڕاندنەوەی پەنابەرە سوورییەکانی خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەرچەندە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی داوا لە بەیروت کرا دەست لە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی گەڕاندنەوەی سوورییەکان هەڵبگرێت.