بەیان سامی عەبدولڕەحمان: ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان لەگەڵمان دەمێنێتەوە
K24 – هەولێر:
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، رایدەگەیەنێت، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمەریکییەکانەوە لە ئاستێکی باڵا پێشوازی لێکرا. گوتیشی: ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان لەگەڵمان دەمێنێتەوە.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، لەگەڵ ئەمەریکا بەرژەوەدنی هاوبەشمان هەیە و دەمانەوێت لەگەڵمان بمێنێتەوە، ئەوانیش دەیانەوێت لەگەڵمان بمێننەوە.
هەروەها راشیگەیاند، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمەریکا لەسەر ئاستێکی باڵا پێشوازی لێکرا و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ئەمەریکییەکان ئەنجامدا و یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بوو.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمەریکیەکان باسی یاداشتی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کرا، کە هەردوولا پابەندن بەو رێککەوتنامەی نێوانیان.
بەیان سامی، گوتی: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە باس لە گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان کرا بۆ شنگال و هەروەها باس لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگالیش کرا، کە دەبێت ئەو رێککەوتنە بچێتە بواری جیبەجێکردن بۆ ئەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.
گوتیشی: جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە و دەبێت جددی بێت لەسەر جێبەجێکردنی و دەرکردنی هێزە میلیشییاکان کە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە.
لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، رایگەیاند، "پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن عێراقەوە کێشەی بۆ دروستکراوە و پڕۆسەکە بە خاوی دەڕوا، بەڵام دەبێت هەڵبژاردن بکرێت چونکە هەڵبژاردن بنەمای جێبەجێکردنی پرۆسەی دیموکراسییە".