ئەمەریکا.. زریانی بەهێز زیاتر لە 106 هەزار کەسی بێ کارەبا کرد

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەو زریانە بەهێزەی کە باشووری ئەمه‌ریکای گرتەوە، زیاتر لە 106 هەزار کەس بێ کارەبا بوون.

تەلەڤیزیۆنی بی بی سی بە پشتبەستن بە ماڵپەڕی پاوه‌رئاوتج، ئاماژەی بەوە داوە، کە زیاتر لە 106 هەزار کەس لە ویلایەتەکانی باشووری ئەمه‌ریکا (میسیسیپی، ئالاباما، فلۆریدا و جۆرجیا) بەهۆی زریانی بەهێزەوە بێ کارەبا بوون.

ویلایەتی ئەلاباما کە 47 هەزار کەس تێیدا بێ کارەبا بوون، بەهۆی زریانەکانەوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە.

فه‌رمانگه‌ی خزمەتگوزاری کەشناسی نیشتمانیی ئەمه‌ریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئاماری ئەو زیانانەی بەهۆی زریانەکانەوە بەر ویلایەتەکان تا ئێستا بە تەواوەتی نازانرێت، هەروەها زریانەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هۆشداریی دراوە لە ئەگەری "بارینی تەزرە و هەڵکردنی بایەکی بەهێز لە ویلایەتەکانی تەکساس، ئۆکلاهۆما، ئارکانساس و لویزیانا کە رەنگە زیانی زۆری لێ بکەوێتەوە".

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە خێرایی زریانەکان گەیشتووەتە 96 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، جەختیش لەوە کراوەتەوە ئەگەری ئەوە هەیە لە ویلایەتەکانی تەکساس و لویزیانا و ئارکانساس تیرەی دەنکۆڵە تەزرەکان لە پێنج سانتیمەتر زیاتر بێت.

هەروەها هۆشداریی دراوە کە ئەم دەنکۆڵە تەزرانە ئەگەر بەر بەشە هەستیارەکانی جەستەی مرۆڤ بکەوێت، ئەگەری هەیە زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە.

له‌ دوێنێ پێنجشه‌ممه‌وه‌ زریانێكی به‌هێز باشووری ئه‌مه‌ریكای گرتووه‌ته‌وه‌، به‌هۆیه‌وه‌ 106 هه‌زار ئه‌مه‌ریكی بێ كاره‌با ماونه‌ته‌وه‌.

Fly Erbil Advertisment