سێ کۆنگرێسمانی ئەمەریکی داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كودستان دەكەن

K24 - واشنتن:
چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا داوا لە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیان دەکەن لەگەڵ بەرپرسانی ئەنقەرە و بەغدا قسە بکات بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023) گرووپی دۆستایەتی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریکا كە هەریەكە لە مایکڵ واڵتز، سێس مۆوڵتن و دۆن بیکن لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و ستایشی هەوڵەكانیان کردووە بۆ سەقامگیریی ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامانەی كۆنگرێسی ئەمەریکا لە نامەکەدا داوا بلینكن دەکەن لە باڵاترین ئاستدا لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە قسەبكات تاوەکو هەرچی زووترە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
هەروەها لە نامەی ئەندامەکانی کۆنگرێس بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە "وەک خۆتان ئاگادارن، لە مانگی ئادارەوە، بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیاراگیراوە کە تاکە بژاردەی بەردەستە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە رێگەیەوە ئەو نەوتە بەڕێبکات کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم راگرتنەش هۆكاری لە دەستدانی 80%ـی داهاتی هەرێمی كوردستانە".
هاوکات ئاماژەیان بەوەشکردووە، تێپەڕینی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە ئابوورییەدا لە کاتێکدایە كە میوانداری سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی سووریا و عێراقی کردووە و نووسیویانە، "بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی سەقامگیری ناوچەییە، بووەتە پەناگەیەکیش بۆ پەنابەران و هاوبەشێكی باوەڕپێكراومان بووە لە تێكشكانی داعشدا".
مایکڵ واڵتز، سێس مۆوڵتن و دۆن بیکن نیگەرانی خۆشیان بە ئەنتۆنی بلینکن راگەیاندووە لە بارەی دوایین گفتوگۆکانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە بودجە و پابەندنەبوونی بەغدا بۆ ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، روونیانکردووەتەوە کە ئەو هەنگاوانە رەنگە ببنە هۆکاری لەباربردنی رێککەوتنەکەی ئەمساڵی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی نامەكەیاندا ئەو سێ کۆنگرێسمانە ئەمەریکییە نووسیویانە، ”بڕوامان وایە هەلێكی بێوێنە دەبێت بۆ ئەمەریکا کە بتوانێت چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزێتەوە و پێداگری لە گرنگی رێزگرتن لەو رێککەوتنە و پێکهاتەی فیدراڵیی عێراق بکاتەوە، هەروەها دڵنیایی بدات كە نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە بازاڕەکانی جیهان".
هەر لە نامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێش 15 ساڵ، یەكەمین كۆمپانیای ئەمەریكی لە هەرێمی کوردستان دەستی بەکارکردن کردووە لە کەرتی وزە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سیفرەوە گەیشتە سەرووی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەو بەرهەمهێنانەش پاڵپشت بووە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق وەک دووەمین گەورەترین بەرهەمهێنەری ئۆپیک.
هاوکات باس لەوەش دەکەن، هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرە بە بەرهەمهێنانی غازیش بدات کە ئەمەش رەنگە ببێتە هۆی زیاتر دابینکردنی غاز بۆ عێراق و ئەوروپا، ئەمەش لە کاتێکدایە دابینکردنی غاز و نەوت لەسەر ئاستی جیهانی هێشتا لەژێر هەڕەشەکانی رووسیایە بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمەش وادەکات، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە سێکتەری نەوتی عێراق لە دۆخێکی ئارام و بێ کێشەدا بێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە (15ـی حوزەیرانی 2023)، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتەکەیان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی تورکیا دەکەن.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی سەردانەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، شاندەکە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەچنە تورکیا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، ئەو شاندەی دەچنە تورکیا شاندێکی تەکنیکییە و گفتوگۆی یەکلاکەرەوە ئەنجام دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
دوای بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە (25ـی ئاداری 2023)، لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان راگیرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر شاندێکی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و گەیشتن بە رێککەوتن، سەردانیان بەغدایان کرد.
هەروەها رۆژی (سێشەممە 4ی نیسانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژووکرا.
دوای چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانیش لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و کۆمپانیای سۆمۆ بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق بە فەرمی نووسراوی ئاراستەی تورکیا کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا چاوەڕێی وەڵامی لایەنی تورکیان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.