ناتۆ و ئەمەریکا پاڵپشتی بۆ ئۆکرانیا دووپاتدەکەنەوە و رووسیاش چەکی ئەتۆمی لە بیلارووس جێگیرکرد
K24 - هەولێر:
کۆبوونەوەی دوو رۆژەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسڵی پایتەختی بەلجیکا، سەبارەت بە قەیرانی ئۆکرانیا بە کۆتاییهات و سکرتێری گشتی ناتۆ جەنگەکە بە مەترسیدارترین هەڕەشە بۆسەر ئەوروپا و وڵاتانی ئەتڵەسی دەزانێت.
سکرتێری گشتی ناتۆ لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا رایگەیاند، جەنگی رووسیا دژی ئۆکرانیا مەترسیدارترین هەڕەشەیە بۆسەر ئەوروپا و زیاتر لە 40 هەزار سەربازی ناتۆ خراونەتە حاڵەتی ئامادە باشییەوە.
ناتۆ: لە ئامادەباشیداین
لە گوتارێکدا لە کۆتا رۆژی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی ناتۆ, یێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی هاوپەیمانیەتییەکە رایگەیاند، بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ئەوروپا ژمارهی یهكه سهربازییه شهڕكهرهكانمان له دهریای بهڵتیكهوه تا دهریای رهش دوو هێنده كردووه.
سکرتێری گشتی ناتۆ گوتی، "لهگهڵ جهنگی دوژمنكارانهی پوتن بۆ سهر ئۆكرانیا، رووبهڕووی مهترسیدارترین ههڕهشهی ئهمنی بووینهتهوه بۆ سهر ئهوروپا، ئێستا زیاتر له 40 ههزار سهربازمان راستهوخۆ لهژێر چهتری فهرماندهیی ناتۆدان، زۆربهیان لهوپهڕی حاڵهتی ئامادهباشیدان و لهسهر ئاستێكی زۆر فراوان لهڕووی ئاسمانی و دهریاییهوه پاڵپشتیان بۆ دهستهبهر كراوه. ژمارهی یهكه سهربازییه شهڕكهرهكانمان له رهگهزنامهی جیاواز له دهریای بهڵتیكهوه تا دهریای رهش دوو هێنده كردووه".
ئەمەریکا: بەرگری لە ناتۆ دەکەین
لەلایەن خۆیەوە، وەزیری بەرگری ئەمەریکا بەردەوامی پاڵپشیییەکانی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و جەختیشیکردەوە، ئامادەن بەرگری لە هەر بستێکی خاکی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بکەن.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، رایگەیاند، "سەرۆک بایدن بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە، بە درێژایی جەنگەکە لەپاڵ ئۆکرانیا دەوەستینەوە، هاوپەیمانیەتی ناتۆ رووبەڕووی ئالنگاری مێژوویی بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوابەخۆبوون و یەکگرتوویی رووبەڕووی ئەم ئالنگارییانە دەبینەوە".
ئۆستن ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە ناکەوینە ئەو جەنگەی پوتن هەڵیبژاردووە، بەڵام بەرگری و بەرپەچدانەوەی ناتۆ بەهێزتر دەکەین و بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ناتۆ دەکەین".
پێگەی ئۆکرانیا لە ناتۆ بەهێزتر دەبێت
دوای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ناتۆ بەردەوام هێزی زیاتری لە سنوورەکانی نزیک رووسیا جێگیرکردووە و هێزی بەرگری ئاسمانی توندوتر کردووە.
هەروەها وابڕیارە کۆمیسیۆنی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانیەتی ناتۆ بکرێت بە ئەنجوومەنی ئۆکرانیا، ئەمەش وادەکات پێگەی ئۆکرانیا لە ناتۆ هاوتای 31 وڵاتەکەی نێو هاوپەیمانیەتی ناتۆ بێت.
ئەڵمانیا مووشەکی زیاتر بۆ ئۆکرانیا رەوانەدەکات
وەزیری بەرگری ئەڵمانیا لە دووەم رۆژی کۆبوونەوەی وڵاتانی گرووپی هاوکاری سەربازی لە برۆکسل رایگەیاند، بڕیاریانداوە 64 مووشەکی دیکەی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت رەوانەی کیێڤ بکەن. بۆریس پیستۆریەس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا، گرنگترین هەوڵ بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، دڵنیاییدانە لە پاراستنی ئاسایشی ئاسمانی وڵاتەکە.
هەروەها گوتیشی، "ئەڵمانیا پێشتر پاکێجێکی هاوکاری سەربازی بە بەهای دوو ملیار و 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ ئۆکرانیا راگەیاندبوو، ئەوەش گەورەترین پاکێجە تاوەکو ئێستا راگەیەندرابێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بڕیارمانداوە 64 مووشەکی دیکەی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت رەوانەی کیێڤ بکەین".
رووسیا چەکی ئەتۆمی لە بیلارووس جێگیرکرد
لە کاردانەوەی هەوڵەکانی ناتۆشدا، سەرۆکی رووسیا جێگیرکردنی چەکی ئەتۆمی لە خاکی بیلارووس راگەیاند و هۆشداریش دەداتە ئەو لایەنانەی بیر لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە دژی رووسیا دەکەنە و ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی خاوەنی چەکی ئەتۆمی زیاترە لە ناتۆ.
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند،"راستییەکە ئەوەیە، ئێمە لە ناتۆ زیاتر چەکی ئەتۆمیمان هەیە و ئەوانیش ئەمە دەزانن. لەگەڵ ئەلیکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بیلارووس گفتوگۆمان دەربارەی گواستنەوەی چەکی ئەتۆمی بۆ نێو خاکی بێلارووس کرد، یەکەمین بارگاویکەرەوەکانی ئەتۆمی گەیشتوونەتە خاکی بیلارووس. بەڵام ئەمە تەنیا بەشی یەکەمی بووە. لە کۆتایی هاویین و کۆتایی ئەمساڵدا، کارەکە بە تەواوی جێبەجێ دەکەین".
پوتن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هەنگاوەیان تەنیا بۆ بەرپەچدانەوەیە، بۆ ئەوەی هەموو ئەوانەی بیر لەوە دەکەنەوە شکستێکی ستراتیژی بەسەر رووسیادا بهێنن، پێویستە ئەم دۆخە لەبیر نەکەن.
ئیمارات نێوەندگیری لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەکات
سەرۆکی ئیمارات ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە راگەیاند.
ئەم راگەیاندنەش دوای کۆبوونەوەی محەممەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە سانپیترسبۆرگ، هات و گوتی، هیواخوازن جیهان ئارام ببێتەوە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان فراوانتر بکەن.
محەممەد بن زاید رایگەیاند، "سوپاسی پوتن دەکەم کە هەڵیان بە ئیمارات داوە، بۆ ئەوەی لەو دۆخەی بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا دروستبووە، بتوانێت رۆڵ لە ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بگێڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش ئیمارات بەردەوام لە ئامادەباشیدایە".
سوپای ئۆکرانیا: دوو درۆنی دیکەی ئێرانیمان خستەخوارەوە
سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند دوو درۆنی دیکەی ئێرانی جۆری شاهید-136ی خستنەخوارەوە کە رووسیا لە باشووری هەرێمی میکۆلایڤ هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانیان.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە باشووری ئۆکرانیا زیاتر لە 10 هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر هێزەکانی رووسیا ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی سوپای ئۆکرانیا، رووسیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە درۆنی ئێرانی لە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت، ئەمەریکاش دەڵێت، هەماهەنگی سەربازی نێوان تاران و مۆسکۆ دۆخەکەی لە ئۆکرانیا ئاڵۆزتر کردووە، بەڵام ئێران هەموو ئەو لێدوانانەی رەتکردووەتەوە.
زیلێنسکی: سەرکردەکانی رووسیا تەنیا هەستیان بۆ پارە هەیە
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەرژێمی رووسیادا پارە گەورەترین بەهای هەیە و ئەو کەسانەی جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە خاوەن پارەکانن و ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە دەسەڵاتدارانی رووسیا پارەکانیان لێوەربگیرێتەوە و بدرێت بەو کەسانەی لەژێر دەسەڵاتی سەرکوتکاردا ئازاریان چەشتووە.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی، "لەرژێمی دیکتاتۆری وەکو رووسیادا پارە بەرزترین بەهای هەیە، تەنانەت ئەو کەسانەی خزمەتی رژێمەکە دەکەن و لەراستیدا بەشێکی دامەزراوەکانیان بەدەستەوەیە خاوەن پارەن، ئەگەر بەرپرسانی رووسیا پارەکانیان لەدەستبدەن، ئەوا ئێمە ئامانجێکی گرنگ بەدەستدەهێنین".
زیلێنسکی ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسانی رووسیا رێز لەژیانی خەڵک ناگرن و هیچ هەستێکیان بۆ ئەو هەزاران کەسەی لەجەنگدا مردن نییە، ئەوان تەنیا هەستیان بۆ پارە هەیە".