"لە ئێران 10 کەس بە خواردنەوەی مەی ساختەوە گیانیان لەدەستدا"
95 کەس ژەهراوی بوون

K24 - هەولێر
لە شاری کەرەجی سەر بە پارێزگای ئەلبورز-ی ئێران، 95 کەس بەھۆی خواردنەوەی مادە کحولییەکانی ساختەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران و 10 کەس لەوانەش گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ھەواڵێکی ئاژانسی ھەواڵی میزان، کە سەربە دامەزراوەی دادوەریی ئێرانە، لە شاری کەرەجی سەربە پارێزگای ئەلبورز 95 کەس بەھۆی خواردنەوەی مەی ساختە (میسانۆل)ەوە ژەھراویبوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
راگەیەندراوە، لەو ژمارەیەدا 10 کەس لەوانەی رەوانەی نەخۆشخانە کراون بەھۆی ژەھراویبوونەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسە ئێرانییەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.
چەند کەناڵێکی ناوخۆیی ئێران لە زاری سەرچاوە نافەرمییەکان رایانگەیادووە، ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ نزیکەی 15 کەس بەرزبووەتەوە، بەڵام تائێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.