رووسیا: ئۆکرانیا لە هێرشی پێچەوانەدا گورزێکی کوشندەی بەرکەوتووە
K24 - هەولێر
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ژمارەەیەکی زۆر سەربازیان کوژراون، هەروەها پاداشتی ئەو سەربازانەی رووسیای راگەیاند کە ئۆتۆمبێلەکانی رۆژئاوا لەناودەبەن.
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، "هێزەکانی ئۆکرانیا لە کاتی هەوڵە شکستخواردووەکانیاندا بۆ ئەنجامدانی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر میحوەرەکانی باشووری دۆنێتسک زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەی یەک رۆژدا 10 هێرشی ئۆکرانیا بەرپەرچ بدەنەوە و 400 سەربازی ئۆکرانیا لەسەر دوو میحوەر بکوژن.
وەزارەتی بەرگری رووسیا راشیگەیاندووە، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکان لە کۆبیانسک 45 سەربازی ئۆکراینی کوژراون و حەوت پارچە ئامێری سەربازیشیان لەناوبرد، هەروەها دوو گرووپی ئۆکرانیشیان لە چالاکی خست.
روونیشیکردەوە، ئەو هێزانەی رووسیا تانکی لیۆپاردی ئەڵمانیایشیان لەناوبردووە.
وەزارەتەکە باسی لەوەشکردووە، لە بەرنامەیەکی فراوانی پاداشتکردنی سەربازەکانی رووسیا، کە بەپێی ئەو بەرنامەیە زیاتر لە 10 هەزار سەربازی رووسیا پاداشتی تاکەکەسییان وەرگرتووە لە سەرەتای شەڕەوە.
رشیگەیاند، بەپێی راپۆرتەکانی فەرماندەکانی مەیدانی رووسیا، "لە ئێستادا پاداشتەکان تەرخاندەکرێت و دەدرێت بە سەربازانی ئەو هێزە چەکدارانەی کە تانکی لیۆپارد و زرێپۆشەکانی دیکەیان لەناوبردووە.