دەستدرێژی سێکسی؛ تاکتیکێکی زیندووکراوەی جەنگ لە سوودان

K24 - هەولێر
بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی، لە ماوەی دوو مانگی جەنگی نێوان هێزەکانی سوپای سوودان و پشتیوانی خێرا کە بووەتە هۆی کوشتنی زیاتر لە 800 کەس و برینداربوون و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر خەڵکی سڤیل وەک شێوازێکی دووبارە نوێبووەوە لە ناکۆکییەکانی ئەو وڵاتە دەرکەوتووەتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی کەناڵە ئەمەریکییەکە، نزیکەی 50 کەیسی دەسدترێژی سێکسی بۆ سەر ژنان و کچانی سوودانی لەلایەن هێزەکانی سەر بە محەممەد دەگلو ناسراو بە حمێدیتی کە لە دژی سەربازانی سوپای سوودان دەجەنگن، لە خەرتوومی پایتەخت و ناوچەی دارفوور لە رۆژئاوای وڵاتەکە تۆمارکراوە. تەمەنی قوربانیانی دەستدرێژییەکان لە نێوان 50 ساڵی بۆ 14 ساڵی دەبێت.
ئەم دەستدرێژیانە بە پێی راپۆرتەکە، لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێراوە ئەنجام دەدرێت کە لە لایەن هێزە شەرکەرەکانی سەر بە ڕووسیا، ناسراو بە ڤاگنەر، پشتیوانیان لێدەکرێت و سەرچاوەی هێز و تواناکانیانە.
بە گوێرەی پارچە ڤیدیۆیەکی پشڕاستکراوە لە لایەن سی ئێن ئێنەوە، دوو چەکداری هێزەکانی سەر بە حمدیتی دەبینرێن لە ساتی دەستدرێژیکردن. چەندین سەرچاوەی جیاواز لە سوودان و چالاکوانان باسیان لە بوونی دەستدرێژی سێکسی کردووە بۆ سەر ئافرەتان.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە پێشتر بەشێک بوون لە میلیشیاکانی سەر بە "جانجەوید"، لە سەرەتاکانی ساڵی 2000 بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە دژی زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە دارفۆر تۆمەتبارکردن. سەرۆکی ئەوکاتی سوودان، عومەر بەشیر، لە ساڵی 2010 بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی، بانگهێشتی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان لە لاهای وڵاتی هۆڵەندا کرا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، وەک سەرەتاکانی ساڵی 2000، هێزەکانی سەر بە حمدێتی پەنایان بردووەتەوە بەر دەستدرێژی سێکسی بۆ تۆقاندنی خەڵکی سڤیل.
سەرەڕای دەستدرێژی سێکسی، چەندین تاوانی دیکە لە دوو مانگی ڕابردوودا روویان داوە وەک سووتاندنی ماڵ و قوتابخانە و سەنتەری پەنابەران.
بە پێی گوتەی شایەتحاڵان، هێزەکانی سەر بە حمێدتی، لە یەکێک لە بانکەکانی خوێنیان لە دارفوور شێواندووە و تەنانەت خوێنیان ڕژاندۆتە سەر زەوی.