سەربازێکی زیندانیکراوی ئۆکرانی زانیاری لەبارەی سەنگەرەکانی شەڕ ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر
زیندانیەکی ئۆکراینی کە لەلایەن رووسیاوە دەستگیرکراوە رایگەیاند، سەربازانی ئەمەریکی و پۆڵەندی سەرکردایەتی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن لە بەرەکانی پێشەوە دژی سوپای رووسیا.
زیندانیەکە ناوی دەیڤدە و گوتی: "لە بەرەکانی شەڕدا، سەربازە بیانییەکانم ناسی، پێموایە خەڵکی پۆڵەندا و خەڵکی ئەمەریکا بوون، ئەوان راستەوخۆ فەرماندەیی سەربازەکانمانیان دەکرد، بەڵێ، لەراستیدا شەڕیان دەکرد ئەوان ئەفسەرن".
ئەو زیندانییە ئۆکراینییە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەربازە ئۆکرانیاییەکان راهێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەی دەربارەی ئەو نیشانانەی کە لە سوپای وڵاتانی ناتۆدا هەیە بیزانن.
بە گوتەی ئەو، زۆرجار خۆی و هاوکارەکانی دەبوو "نیشانەی وڵاتانی ناتۆ ببینن" و هاوکاری لەگەڵ کارمەندانی سەربازی بیانی بکەن.
گوتیشی "پێم وایە ئەوان "بیانییەکان" زیاتر لەخۆبایین، من جارێک لە مەیدانی مەشقەکاندا بووم، لەگەڵ هەندێک بیانیش لەوێ بووین، ناچار بووین بوەستین و چاوەڕێی ئەوان بین تا تەقە دەکەن، پاشان نۆرەی ئێمە بوو هەرچەندە ئەوان دوای ئێمە گەیشتن، ئێمە لە پێش ئەوانەوە بووین".
زیندانیەکە پێی وایە لە سوپای ئۆکرانیادا باس لە ئەولەویەتی بیانییەکان دەکرێت لەسەر حیسابی ئۆکراینییەکان.
دەیڤد لە 7ی شوباتی 2023 چووە ریزەکانی هێزەکانی ئۆکرانیا، لە 3ی ئایاریشدا دەستگیرکرا.