کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: تا ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشاننەکراوە
K24 - هەولێر
کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووپاتدەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، تا ئێستا وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیارینەکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی حوزەیرانی 2023، نەبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدری گوتەبێژی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سەپەرشتیکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنەکەوە؛ رایگەیاند، "کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق داوایەکی لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پێگەییشتووە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات و کۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بەڕێوەببات".
وەکو ئەوەی نەبراس ئەبو سۆدە باسی کرد، لە دوایین کۆبوونەوەی نێوان کۆمیسیۆنەکە و لێژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رێکەوتوون لەسەر ئەوەی نابێت دوو هەڵبژاردن لەیەک کاتدا ئەنجام بدرێت، "چونکە کاریگەریی لەسەر کواڵێتیی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە دەبێت و پێویستە هەڵبژاردنەکان بە شەفافی بەڕێوەببرێن."
نەبراس ئەبو سۆدە ئاماژەی بەوەش دا، هەر هەڵبژاردنێک، چی لە هەرێمی کوردستان بکرێت یان لە عێراق، پێویستیی بە نزیکەی شەش بۆ حەوت مانگ هەیە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ بکرێت، بۆیە ناکرێت هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەیەک کاتدا ئەنجام بدرێن.
یاریدەدری گوتەبێژی کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق روونیشیکردەوە، هەرچەندە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا وادی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیارینەکراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاروابوو ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ رۆژی سێشەممەی داهاتوو 20ـی حوزەیرانی 2023 دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە، هەرچی زووە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی سەرۆكایەتیی هەرێم، حكومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.
لەلایەن خۆیەوە، جینین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پشتیوانیی خۆیان بۆ هەنگاوەكانی سەرۆکی هەرێم راگەیاند و ئامادەیییان نیشان دا بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن.
دواتر سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجوومەنی كۆمیسیاران، ئامادەییان نیشاندا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و رێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.