سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: مەبەست لە ئینڤێست کوردستان پەرەپێدانی زیاتری پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردنە بۆ وەبەرهێنەران
"هەوڵی چڕ و پڕمان دەست پێکردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت"

K24 - هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بڕاند و ماڵپەڕی ئینڤێست کوردستانی راگەیاند و لە گوتارێکدا جەختی لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بۆ گرنگیدان بە کەرتی وەبەرهێنان و هەمەچەشنکردنی داهات، هەروەها جەختی لەسەر پاڵپشتی تەواوی حکومەت بۆ وەبەرهێنەران دووپاتکردەوە.
رۆژی دووشەممە (19ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەبەست لە پلاتۆرفی ئینڤێست کوردستان بۆ ناساندنی دەرفەت و بوارەکانی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی دەکات بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
لە رێورەسمەکەدا کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رێکخرابوو، ژمارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و کونسول و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان بەشداربوون، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین تاکو وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، هەر زوو هەوڵمان داوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیروکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.
دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز :
هەموو لایەک زۆربەخێر بێن، خۆشحاڵم کە ئەمرۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێزم بۆ راگەیاندنی ماڵپەڕ و پلاتفۆرمێکی ئۆنلاین، کە تایبەتە بە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بە ناوی Invest Kurdistan .
مەبەست لەم پلاتفۆرمە، پەرەپێدانی زیاتری پرۆسەی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردنە بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی خێرا و بە ئاسانی، زانیاری پێویستیان لە بارەی هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان دەست بکەوێت.
هەمیشە گوتوومە کە، کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت تەواوکەری یەکترن، ئەمەش تەنیا دروشمێک نییە، بەڵکو بڕوامان پێی هەیە و درک بە کاریگەری و گرنگیی بەشداریی کەرتی تایبەت لە پێشخستن و بووژاندنەوەی ئابووریی وڵاتدا دەکەین.
ساڵانی رابردوو بارودۆخی سەختمان تێپەڕاند، کاریگەرییەکانی پەتای کۆڕۆنا و ناسەقامگیریی بازاڕەکانی جیهان و کێشە سیاسی و داراییە ناوخۆیی و ناوچەییەکان، هەمووی کۆسپی گەورە بوون لە بەردەممان، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، بە خۆڕاگریی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان و بە پلان و بەرنامەکانی کابینەکەمان و بە هاوکاریی ڕاستەوخۆی کەرتی تایبەتی کوردستان، توانیمان ئەو قۆناغە تێپەڕێنین. بۆیە لێرەدا دیسان بە دەرفەتی دەزانم کە سوپاسێکی تایبەتی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان بکەم، کە هەمیشە لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا، هەڵوێستیان هەبووە و بەشدار بوونە لە سووککردنی ئەرکی حکومەت و هاوکاریی هاووڵاتییانی خۆشەویستمان.
بەڕێزان....
ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە کە بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێین. بۆیەش هەموو هەوڵێک دەدەین تاکو وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەتی ناوخۆ و دەرەوە، متمانەی زیاتر بە بازاڕی هەرێمی کوردستان بکەن. ئێمە هەر زوو هەوڵمان داوە کە هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. کاری زۆر کراوە، بەڵام دەزانین کاری زۆرتریش ماوە بۆ ئەوەی ئاسانکاریی زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکەین.
ئێمە دەزانین کە وەبەرهێنان، پێویستیی بە سیستەمێکی بانکیی باوەرپێکراو و کارا هەیە، بۆیە لەم کابینەیەدا، هەوڵی چڕ و پڕمان دەست پێکردووە و چەند تیمێکی سەر بە ئۆفیسی خۆشم راسپاردووە، کە بە هاوکاریی شارەزایانی ئەو بوارە، کار بکەن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشت بەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکیی باوەڕپێکراو بگۆڕدرێت.
هەوڵمان داوە و بەردەوامین کە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنان، لە تۆماری کۆمپانیاکان تا رێکارەکانی وەرگرتنی پرۆژەکان، بە ئەلیکترۆنی بکرێن، هەوڵمان داوە کۆی پرۆسەکان خێراتر ببن و کاتێکی کەمتری کۆمپانیاکان بەهەدەر بدرێت. بێگومان هێشتاش گلەیی هەیە و پێویستە لەم بوارەدا، کاری زیاتر بکرێت و بە تایبەت لێرەدا قسەکانم ئاراستەی دامودەزگاکانی پەیوەندیدار دەکەم و پێیان دەڵێم کە هەرچی زووتر پرۆسەی دابینکردنی زەویی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنەران خێراتر و رێکتر بکەن.
هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیر و ئارامی دەڤەرەکەیە و لە هەمانکاتدا سرووشت و جوگرافیای هەرێم زۆر لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی. ئێمە سیاسەتی ئابووریی فرەچەشنمان گرتۆتە بەر، بۆیە بە هەموو توانایەک پشتگیری لە وەبەرهێنانی فرەچەشنیش دەکەین. ئێمە سامانی زۆرمان لەم وڵاتە هەیە. توانای مرۆیی گەورەترین سەرمایەمانە. بە وەبەرهێنان لەم بوارەدا دەتوانین داهاتوویەکی گەشتر بۆ وڵاتەکەمان مسۆگەر بکەین. من ساڵی رابردوو لە بۆنەیەکدا ئەنستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان (KII)م راگەیاند بۆ ئەوەی توانا مرۆییەکانمان بدۆزینەوە و وەبەرهێنانیان لە سەر بکەین، بیرۆکە و داهێنانی خاوەن بەهرەکان دەکرێت ببێت بە هەوێنی پرۆژەی گەورە و وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە دەتوانن سوودی لێ وەرگرن.
سەرمایە و سامانێکی دیکەی گەورەی وڵاتەکەمان سرووشتی جوان و رەنگینمانە، کەشوهەوایەکی لەبار و چوار وەرزمان هەیە، ئاو و زەویی بە پیتمان هەیە، بۆیە کشتوکاڵ و پیشەسازیی خۆراک، دەرفەتی زێڕینە بۆ وەبەرهێنەران لە کوردستان. هەروەها ئەو سرووشتە دڵرفێنەمان دەکرێت ببێت بە باشترین دەرفەت بۆ وەبەرهێنەرانی بواری گەشتوگوزار لە هەموو رۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.
بەڕێزان....
ئێمە لەگەڵ پێشکەوتنی هەموو ناوچەکە و عێراقین، لەو بڕوایەداین گەر هەرێمی کوردستان پێشبکەوێت و گەشە بکات، لە قازانجی هەموو عێراقدایە. ئێمە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان ببێت بە دەروازە و دەستپێکی کاری زۆر کۆمپانیا، تاکو لێرەوە بەرەو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش پەلبکێشن. لە ساڵانی رابردوودا سەرمایە و داهاتی عێراق بە باشی بەکارنەهێنراوە و بە تایبەتیش لە بەشی هەرێمی کوردستان، ستەم لە هاووڵاتیانمان کراوە، ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و هیوادارین یاسای بودجەی عیراق بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دوور لەدەستێوەردانی سیاسی جێبەجێ بکرێت. تێگەیشتنی باشم لەگەڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەیە و بە پاڵپشتیی هەموو لایەک، پێویستە ڕووبەڕووی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکان ببینەوە و پێکەوە دەتوانین عێراق بگەیەنێن بە ڕیزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، چوونکە کۆی عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندە و تەنیا بەڕێوەبردنێکی باشی پێویستە.
بەرێزان ....
دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە هەزار دەرفەتی وەبەرهێنانی لە بوارە جۆراوجۆرەکان راگەیاندووە و ئێستا ئێمە وەک حکومەتی هەرێم بەرچاومان روونە و دەزانین چیمان دەوێت تاکو هەم هەرێمەکەمان پێشکەوێت، هەم وەبەرهێنەران سوود بکەن و هەم هاووڵاتییانیشمان دەرفەتی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت و ئابووریی کوردستان ببووژێتەوە.
خۆشم پلانم هەیە کە لە نزیکەوە، زیاتر لە جاران وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و تەنانەت دەرەوەش ببینم، بۆ ئەوەی بە تێبینی و پێشنیارەکانیان، بەرچاومان روونتر ببێت و هیوادارم کە رۆژ بە رۆژ شایەدی بەشداریی زیاتری وەبەرهێنەرانمان لە بوارە جیاجیاکان بین.
با هەموومان پێکەوە هاوکار بین تاکو کوردستانێکی ئاوەدانتر و گەشتر و بەهێزترمان هەبێت.