رێکارەکانی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون توند دەکرێن

K24 – هەولێر:

رێکارەکانی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون توند دەکرێن و هەنگاوی یەکەمیش رێگریە لەسه‌ربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان و شوێنە نایاساییەکان.

عەلی سەردار، بەرپرسی لابردنی سەرپێچیەکان لە شارەوانی پێنج، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، داوا لە هاووڵاتیان دەکەین کە گۆشتی ئەو ئاژەڵانەی کە مۆری تەندروستی لەسەر نییە نەیکڕن، چونکە تەندروست نیین و شیاوی خواردن نیین.

لەلایەکی دیکەوە، نەبەز عەبولحەمید،  قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، بۆ کوردستان24، گوتی: ئەو شوێنانەی کە ئاژەڵی لێ سەردەبڕێن چاودێری دەکرێن لەلایەن تیمەکانی تەندروستی، شارەوانی و مەفرەزەکانی پۆلیسی شارەوانی، هەروەها هەڵمەتی جیا جیاش لەو شوێنانەش ئەنجامدەدرێت.

گوتیشی، تیمەکانی ڤیتێرنەری هەڵدەستن بە رشاندنی هۆڵەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵان بە تایبەت لە گۆڕەپانی فرۆشتنی ئاژەڵان لەسەر رێگای گوێڕ هەروەها لە سەربڕخانەکان.

نەخۆشی تای خوێن بەربوون  بەهۆی ئاژەڵ دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ بە تایبەت  ئەو کەسانەی مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، ئێستا ئەو نەخۆشیە لە هەرێمی کوردستان هەیە داوا لە هاووڵاتیان دەکرێت ئەو گۆشتی ئەو ئاژەڵانە  بکرن لە شوێنی رێگپێدراو سەردەبرێت.

Fly Erbil Advertisment