سەرۆکوەزیرانی چین گەیشتە ئەڵمانیا

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە، پێشوازی لە لی کیانگ سەرۆکوەزیرانی چین کرد کە یەکەم سەردانی ئەو بەرپرسەی چین بوو بۆ دەرەوەی وڵات.
فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا لە میانی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ لی کیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین، گوتی: هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرنگە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چین هاوبەشی ئەڵمانیا و ئەوروپایە، بەڵام لە گۆڕەپانی سیاسیشدا تادێت دەبێتە نەیار و رکابەرێکی بەهێز.
بەپێی هەواڵێکی شینهۆ، لی کیانگ، سەرۆک وەزیرانی چین جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ ئەڵمانیا کاربکات بۆ ئەوەی بەشداری لە "سەقامگیری و خۆشگوزەرانی جیهانی"دا بکات.
زۆربەی گفتوگۆ راوێژکارییەکانی حکومەتی چین ئەمڕۆ سێشەممە لەگەڵ تیمی راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵتز ئەنجام دەدرێت.
لی کیانگ کە لە مانگی ئاداردا وەک سەرۆکوەزیرانی چین دەستنیشانکرا، دواتر دەچێتە فەرەنسا و لەوێ بەشداری لوتکەکە دەکات بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی دارایی جیهانی بە ئامانجی چاکسازیکردن لە بیناسازی دارایی جیهانی بۆ ئەوەی باشتر وەڵامی تەحەددیاتی گەرمبوونی کەشوهەوا بداتەوە.
گفتوگۆ لەگەڵ پاریس و بەرلین لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان پەکین و واشنتن زۆر ئاڵۆزە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە رۆژی یەکشەممەوە سەردانی پەکینی کردووە، ئەمەش لە هەوڵێکدایە بۆ باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
شتاینمایەر جەختی لەوە کردەوە، بۆ بەرلین پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ئاسایش و هاوکاری جیهانی.