یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ئاکرێ تۆمارکرا
K24 – هەولێر:
تەندروستی ئاکرێ تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سنووری ئاکرێ راگەیاند و ئاشکراشیکردووە، دۆخی تەندروستی تووشبووەکە باشە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە.
رۆژی سێشەممە (20ـی حوزەیرانی 2023)، نێچیرڤان هەرکی، گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ رایگەیاند، نەخۆشەکە پیاوێکی تەمەن 55 ساڵانی سنووری ناحیەی دینارتەیە کە پێش چەند رۆژێک پشکنینەکانی بۆ بەغدا رەوانەکراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجامەکەی گەڕاوەتەوە و دەرکەوتووە کە تووشبووی تای خوێنبەربوون بووە.
گوتەبێژی تەندروستی ئاکرێ روونیکردەوە، ئێستا تەندروستی ئەو کەسە باشە و نەخۆشخانەی جێهێشتووە و رەوانەی ماڵەوە کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە (6ـی حوزەیرانی 2023)، سەگڤان دۆسکی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ لە نەخۆشخانەکەیان بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا کە دانیشتووی ناحیەی باشیکی سەر بە پارێزگای نەینەوا بووە و کاری ئاژەڵداری کردووە.
هەروەها رۆژی (31ـی ئایاری 2023)ـش بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، گەنجێکی تەمەن 19 ساڵان بەهۆی تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستداوە کە پیشەی قەساب بووە.
رۆژی (14ـی حوزەیرانی 2023) تەندروستی سۆران، تۆمارکردنی دووەم حاڵەتی مردنی بە تای خوێنبەربوون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند کە نەخۆشەكە دانیشتووی گوندی سرێشمەی ناحیەی خەلیفان بوو لە سنووری ئیدارەی سۆران.
سێشەممە (20ــی حوزەیرانی 2023)، سینان غازی، بهڕێوهبهری ناوهندی كۆنتڕۆڵكردنی نهخۆشییه گوازراوهكان له وهزارهتی تهندروستی عێراق، دواین ئاماری تووشبوون و مردنی بە نەخۆشی تای خوێنبەربوونی راگەیاند، کە تا ئیستا 225 کەس تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بوونە و 35 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
لهلایهكی دیكه عودهی عهبادی، بهڕێوهبهری گشتی نهخۆشخانهی ڤێتهرنهری پارێزگای نهینهوا ئاشكرایكردووه، لهماوهی مانگێكدا پێنج كهس تووشی نهخۆشییهكه بوونه دوایین تووشبووی نوێ له ناوچهی مووسڵی نوێ تۆماركراوه.
بە گوێرەی ئامارەکان سەرجەم پارێزگاکان تووشبوونیان بە نەخۆشییەکە تۆمارکردووە، هەروەها پارێزگای زیقار لە ژماری توشبوواندا لە پلەی یەکەمدایە، جگە لە سلێمانی، کە پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی تۆمار نەکردووە.
تای خوێنبەربوون کە بە "تای خوێنبەربوونی کریمیا - کۆنگۆ" ناسراوە، بە یەکێک لە کۆمەڵەی تای خوێنبەربوونی ڤایرۆسی دادەنرێت کە بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بڵاودەبێتەوە.
دوای ئەوەی کەسێک تووشی ڤایرۆسەکە دەبێت، نزیکەی هەفتەیەکی پێدەچێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی، کە بریتیە لە خوێنبەربوونی ناوەکی یان دەرەکی لەگەڵ تایەکی بەرز.
بەگوێرەی زانیاریەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی مردن بەتای خوێنبەربوون %40، تاوەکو ئێستا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدەزۆراوەتەوە و ئاماژە بەوەشکراوە، تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
نیشانەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە (تا، ئازاری ماسولکە، سەرگێژخواردن و سەرئێشە، ئازاری مل و پشت، هەوکردنی چاو و هەستیاری بە رووناکی، رشانەوە و سکچوون، ئازاری سک، ئاوسانی گەروو).