هێزێکی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانە

گوندی پەلکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان
گوندی پەلکانە لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان

K24 - کەرکووک

درەنگانی شەوی رابردوو هێزێکی فیرقەی 8ی سوپای عێراق هەڵیاکوتاوەتە سەر گوندی پەلکانە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانیان شکاندووە و ئاغای گوندەکەیان دەستیگیر کردووە.

سەرچاوەیەک لە پەلکانە بە کوردستان24ی راگەیاند "شەوی رابردوو 20/6/2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازی هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان و ئاغای گوندەکەیان دەستگیرکردووە و مەرەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاندووە".

لەکاتی هەڵکوتانە سەر گوندەکە، پەیامنێری کوردستان24، پەیوەندی بە "دەشتی ئاغا" ئاغای گوندەکەوە کرد و هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.

ئاغای گوندی پەلکانە، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لەسەر زەوی و زارەکەی خەریکی چاندنی گەنمە شامی و ئاودانی زەوییەکەی بووە.

دانیشتوانی گوندی پەلکانە داوای بە هاناوەچوون و چارەسەر دەکەن، وەک خۆیان دەڵێن "هەر کەسێک کاری کشتوکاڵی بکات لەلایەن هێزەکانی ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق دەستگیری دەکرێت".

لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتی هەندێک هێزی عێراقی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکەن و زەوی و خانووەکانیان داگیر دەکەن.