پاکستان و چین بەبڕی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار رێککەوتنێکی ئەتۆمیان واژوو کرد

K24 - هەولێر
پاکستان و چین، رێککەوتنیان واژوو کرد بۆ بنیاتنانی یەکەیەکی نوێی کارەبا بە توانای هەزار و 200 مێگاوات بۆ وێستگەی وزەی ئەتۆمی جاشما بە بەهای 4.8 ملیار دۆلار.
بەپێی هەواڵێکی تەلەڤزیۆنی جیۆ نیوس، لە ئیسلام ئابادی پایتەخت، رێوڕەسمی واژوو کردن سازکراوە بۆ بنیاتنانی پێنجەمین ریاکتۆری وێستگەی وزەی ئەتۆمی جاشما لە ئیسلام ئاباد.
لە رێوڕەسمەکەدا هەریەک لە وانگ یۆنگی، سەرۆکی کۆمپانیای ئەتۆمی نیشتمانی چین و محەممەد سەعید، سەرۆکی کۆمسیۆنی وزەی ئەتۆمی پاکستان رێککەوتنەکەیان واژوو کرد.
شاهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کە بەشداری لە رێوڕەسمەکەدا کرد، رێککەوتنەکەی بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ بەرەوپێشبردنی هاریکاریی ئابووریی هەردوو وڵات.
شەریف باسی لەوە کرد کە لە شوباتی 2023دا، بە پشتیوانی چین سێیەمین یەکەی وێستگەی وزەی ئەتۆمی K-3یان کردووەتەوە و ئەمڕۆش رێککەوتنیان واژوو کردووە بۆ جاشما-5.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، سوپاسی پەکینی کرد بۆ پێشکەش کردنی پشتیوانی دارایی و سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیشی بۆ سەرۆکی چین، شی جینپینگ دەربڕی.