عیرفان کەرکووکی: پێشێلکاری بەرامبەر جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک بەردەوامە
K24 - هەولێر:
سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، رایدەگەیەنێت، پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک بەشێکە لە جێبەجێکردنی سیستمی تەعریبکردن بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان. گوتیشی: سوپای عێراقیش بەردەوامە لە دەستگیرکردنی ئەو جووتیارانەی کە دەیانەوێت کاری کشتوکاڵی بکەن لەسەر زەوییەکانیان.
عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە تائێستا کاریپێدەکرێت و بەم هۆیەش رۆژانە تەعریبکردن بەردەوامە بۆ سەر زەوی و زاری کورد و تورکمان.
هەروەها راشیگەیاند، سوپای عێراقیش بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان هەموو ئەو جووتیارانە دەستگیردەکەن ئەگەر بیانەوێت لەسەر زەوییەکانیان کاری کشتوکاڵی بکەن.
لەبارەی پارێزگاری کەرکووکەوە، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی، گوتی: راکان جبووری، پاریزگاری بەزۆر سەپێندراوی کەرکووک بەشێکە لەو سیستمە تەعریبکردنە و رۆژانەش پشتگیری لە تەعریبکردن دەکات.
عیرفان کەرکووکی، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جێگای خۆشحاڵییە سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی جەختی لەسەر جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووتەوە و بەردەوامیش پاڵپشتی کوردەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کردووە.
گوتیشی: پێویستە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی عێراق بە جددی بێتە سەر هێل و ئەم پێشێلکاریانەی سوپای عێراق رابگرێت ، چونکە بەرپرسی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی حوزەیرانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی رێگرییەکانی سوپای عێراق و دەستگیرکردنی ژمارەیەک جووتیاری گوندی پەلکانە لە درەنگانی شەوی رابردوو بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەیانی ئەمرۆ لەگەل محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و راوێژکاری سەربازی سەرۆکوەزیران راسپێردراوە بۆ ئەوەی لەگەل فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان قسەبکات تاوەکو لە ماوەی دوو هەفتەدا "قائید فیرقەی هەشتی سوپای عێراق، کە هۆکاری کێشەکانە لە ناوچەکە بگۆڕدرێت."
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵلا، کە قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کردووە، بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس دەخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر دەبردرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەیەکجارەکی و لە رێگەی یاساوە کۆتایی بە کێشەکانی گوندی پەلکانە بهێندرێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستگیرکردنی جووتیارانی کورد بە "هێڵی سوور" لە قەڵەم دەدات و رایدەگەیەنێت، رێگە نادەن سووکایەتی بە جووتیارە کوردەکان بکرێت و "دەبێت دەستبەجێ بارودۆخەکە لە پەلکانە ئاسایی بکرێتەوە."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواش لە گوندی پەلکانە و سەرجەم گوندەکانی سنووری ماددەی 140 دەکات دەست بە کاری کشتوکاڵی لەسەر زەوییەکانیان بکەنەوە و، وەکو خۆی دەڵێت، "کەس ناتوانێت رێگریان لێ بکات."
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان، کە دەکەوێتە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ئاغای گوندەکەیان بە ناوی "دەشتی ئاغا" دەستگیرکرد. هاوکات مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاند.
گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێت. خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە.