رێبوار تاڵەبانی: نابێت زیاتر جێبەجێکردنی ماددەی 140 دوابخرێت

K24 - هەولێر:
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، حکومەتی عێراق تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر بە کورد جێبەجێ نەکردووە و هەمان ئەزموونی حکومەتەکانی پێشووتریان دووبارە کردوەتەوە کە مافی گەلی کورد بەدەست نەهێندرێت. هەروەها دەشڵێت: نابێت زیاتر جێبەجێکردنی ماددەی 140 دوابخرێت.
رێبوار تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان ، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی کورد چانسێکیان دا بەم حکومەتەی عێراق و 13 خاڵیان لەگەڵ حکومەتی سوودانی جێبەجێکرد و پەرلەمانی عێراق دەنگی پێدا، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت حکومەتی عێراق پەشیمانن لەو رێککەوتنەی کە کردوویانە.
راشیگەیاند، دەبوو ئەو ماددانەی کە رێککەوتنیان لەسەریکردووە لە ماوەی شەش مانگ جێبەجێبکرێت، بەڵام هەر 13 خاڵ وەک خۆی ماوەتەوە جێبەجێنەکراوە، رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێنەکراوە، لیوای هاوبەش دروستنەکراوە، هەروەها هێزە کوردییەکان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە بارەگاکانیان لە شاری کەرکووک.
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، ئاماژەی بەوەدا، دەبوو لیژنەی باڵای ماددەی 140 سەرۆکەکەی کورد بێت، بەڵام ئەمە چوار خولە سەرۆکەکەی کورد نییە و حکومەتی عێراق تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆیان بەرامبەر بە کورد جێبەجێنەکردووە و هەمان ئەزموونی حکومەتەکانی پێشووتریان دووبارە کردووەتەوە، کە مافی گەلی کوردی تێدا بەدەست نەهێندرێت.
روونیکردەوە، لە دوای 16ــی ئۆکتۆبەرەوە %51ــی خاکی کوردستان لە کورد سەندراوە، لە ئێستادا کەوتوونەتە گیان جووتیاران و کێڵگە کشتووکاڵییەکان دەیانەوێت زەوییەکانیش لە کورد وەربگرنەوە، کێشەی کورد لەگەڵ عێراق تەنیا مووچە و بودجە نییە.
رێبوار تاڵەبانی، گوتیشی: "هەموو ئەو هەنگاوانەی کە گیراونەتە بەر دژی کورد پەیامێکی ترسناکمان پێدەدات، پێویستی بە هەڵوەستە لەسەرکردنە".
باسی لەوەشکرد، "حکومەتی عێراق هیچ نییەتێکیان نییە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورە و کاروباری باکور هەڵوەشێننەوە، هەروەها لەدوای 2005 تا 2019 بەردەوام داواماندەکرد کە کێشە لەسەر زەوییەکانمان یەکلابکرێتەوە".
راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، ئەوەشی خستەڕوو، دوای روخانی رژێمی بەعس حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق دانیان بە مافەکانی کورد نەناوە هیچ هەنگاوێک نەچوونەتە پێشەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە (21ــی حوزەیرانی 2023)، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی سەردانی بۆ خێمهی جووتیارانی ناوچهی پهڵكانه و سهرگهڕان، رایگەیاند، قبوڵناکەین چی دیکە سوپا لە دژی خەڵکی ئێمە وەک وەرەقەیەکی سیاسی بەکەربهێنرێت، چونکە پێچەوانەی یاسایە، سوپا دەبێت هێزێک بێت بۆ پاراستنی هاووڵاتییان، نابێت لایەنگری هیچ لاینێکی سیاسی بکات.
هەروەها راشیگەیاند، "هەر هەڕەشەیەک کە لێتان دەکرێت لەسەر هێل دەبین و ماندووشنابین، هەروەها بەردەوام لەسەر هێل دەبین تا مافەکانتان بە تەواوی دەگەڕێتەوە بۆتان".
جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەدا، "لە دوای جەژن یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی ماددەی 140 دەستپێدەکات و کاری لە پیشینەی ئێمە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەورەیە".
ئەمە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو 20ـی حوزەیرانی 2023، هێزێکی سەربازی سوپای عێراق بە هەمەر و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە هەڵیکوتایە سەر گوندی پەلکانەی سەر ناحیەی سەرگەڕان، کە دەکەوێتە سنووری ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و ئاغای گوندەکەیان بە ناوی "دەشتی ئاغا" دەستگیرکرد. هاوکات مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێری جووتیارانی گوندەکەیان شکاند.
گوندی پەلکانە لە سنووری پارێزگای کەرکووک، لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە بەدەست پاشماوەی چەکدارانی داعش و حەشدی شەعبی و عەرەبە ھاوردەکانەوە دەناڵێنێت. خەڵکی گوندەکە داوا دەکەن سەرکردایەتی سیاسی کورد ھەوڵبدەن ئەو تەعریبە رابگرن کە لە سەر ناوچەکە و ماڵ و زەویەکانیان ھەیە.