فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان وەرگرتنی هەموو بڕە پارەیەکی رەتکردەوە

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر:

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە نووسراوی فەرمی وەرگرتنی هەموو بڕە پارەیەکی رەتکردووەتەوە.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە مانگانە بودجەیەک بۆ فراکسیۆنەکان تەرخاندەکرێت و لە سەرەتای ئەم مانگەوە فراکسیۆنەکەیان بە نووسراوی فەرمی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیەی پێشتر بۆی تەرخاندەکرا، رەتکردووەتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لە له‌ پۆستێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیویه‌تی، "لە 1ـی حوزەیرانی 2023ـەوە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی مانگانەی وەرنەگرتووە و بە نووسراوی فەرمی رەتکراوەتەوە".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان جه‌ختیشی لەسەر ئەوە کردەوە‌، جیاوازی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نی دیكه،‌ كرداره‌ نه‌وه‌كو درووشم و قسه‌ی بریقه‌دار.

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان چەندین جار جەختی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەکاتی خۆیدا چەندین جار یاداشتی دایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بۆ تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و لە بەرامبەر داواکاری لایەنەکانی دیکەش، نەرمی زۆری نواند.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوتوێی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە بەهۆی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە (18ـی کانوونی دووەمی 2023) و کۆتایی هاتنی ماوەی یاسایی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنەکە لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.

Fly Erbil Advertisment