عەبدوڵڵا شێرکاوەیی: دەبێت لە قوربانیکردندا رەچاوی رێنمایی ئایینی و تەندروستی بکرێت

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا

K24 – هەولێر:

بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا، رایدەگەیەنێت، پیوێستە ئەو ئاژەڵەی کە دەکرێتە قوربانی ئاژەڵەکە نەخۆش نەبێت و تەندروستی باش بێت. هاوکات گوتیشی: دەبێت لە قوربانیکردندا رەچاوی رێنمایی ئایینی و تەندروستی بکرێت.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا، لە میانەی بەشداریکردنی لە دوا گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 23:00ــی کوردستان24، رایگەیاند، شەریعەت کۆمەڵێک بنەما و رێنمایی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی قوربانی، دەبێت ئاژەڵەکە سەلامەت بێت و نەخۆش نەبێت، هەروەها پێویستە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت بە تایبەت لە کاتێکدا کە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، پێوسیتە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن لە کاتی قوربانیکردندا و لە شوێنێک ئاژەڵەکان سەرببردرێت کە تایبەت بێت بەو کارە لە شوێنی نایاسایی، ناوماڵان و گەڕەکەکان نەبێت، هەروەها پێویستە پاشماوەی ئاژەڵەکە فڕێنەدرێتە هەموو شوێنێک، بەڵکو فڕێبدرێتە ئەو شوێنانەی کە دیاریکراوە بۆ فڕیدانی پاشماوە. بۆ ئەوەی نەبێتە زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان.

بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا، دەشڵێت: چۆن پێیوستە مەرجی شەرعی لەو  ئاژەڵەدا هەبێت، پێویستە ئەو رێنماییانەش رەچاوبکرێت کە وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتی: ئەگەڕ ئاژەڵی نەخۆش بکرێتە قوربانی کەسەکە گوناهبار دەبێت، چونکە ناکرێت خێرێک بکەیت و زیانیش بە هاووڵاتییان بگەینیت.

لەبارەی گوتاری هەینی داهاتوو، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فتوا، رایگەیاند، بۆردی باڵای گوتاری هەینی کۆمەڵێک رێنمایی و ئامۆژگاری دەرکردووە بۆ مامۆستایانی ئاینی بۆ گوتاری هەینی، کە ئاراستەی خەڵکی موسلمانی بکەن، کە باس لە رێنماییە شەرعی و تەندروستییەکانی قوربانیکردن دەکات.

Fly Erbil Advertisment