شەڕ لەنێوان هەردوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران روویدا

K24 – هەولێر
لە زڕگوێز شەڕ لەنێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا، بەگوێرەی زانیارییەکان کوژراو و بریندار هەن.
پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەڕی چەکداری لەنێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویداوە، و تائێستا دوو کەس کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی حوزەیرانی 2023، کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند "لەلایەنەی کۆمەڵەی شۆڕشگێر، هێرش کراوەتە سەر فێرگە و ئۆردوگا و بە قەناسە تەقە لە پێشمەرگە کراوە، بەداخێکی زۆرەوە تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانیان لەدەستداوە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: زۆر هەوڵماندا کە ئەمە روونەدا، بەڵام ئەوان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان لە هیچ کردەوەیەک و جینایەتێک دەسناپارێزن".
فه‌ریبا محه‌ممه‌دی، ئه‌ندامی رێبه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌دروستبوونی شه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوو كۆمه‌ڵه‌دا، به كوردستان 24ی گوت: "به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روویدا ئاكامی ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵانه‌یه كه ئێمه له‌چه‌ند مانگی رابردوودا له‌دژی وه‌ستاوین، پرۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه راگه‌یه‌نرا، به‌ڵام پرۆسه‌كه ته‌واو نه‌بووه و بڕیاربوو كۆنگره‌ی هاوبه‌ش ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه كۆنگره به‌ستراو نه رێككه‌وتنه‌كه‌ش جێبه‌جێ كرا".
گوتیشی: "سیاسه‌تی له‌ناوبردنی ئه‌و شۆڕشه‌ی له رۆژهه‌ڵات و ئێران‌دا له ئارادابوو و هه‌روه‌ها هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه دژه كورده‌كان، كێشه سیاسییه‌كانی ئێمه‌ی برده ئاستێكی تر و هه‌وڵماندا به گفتوگۆ و دیالۆگ عه‌بدوڵڵای موهته‌دی پاشگهزبكهینهوه، كه ئه‌مه له قازانجی كورد و بزووتنه‌وه‌ی كوردی نییه، به‌ڵام ئه‌وان یه‌كلایه‌نه بڕیاریاندابوو".
فه‌ریبا محه‌ممه‌دی، راشیگه‌یاند: "كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتی دیكه هه‌بوو، كه به‌شێكی زۆر له كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه بڕیارماندا یه‌كگرتنه‌وه رابگرین و پاشگه‌زببینه‌وه. دوای راگه‌یاندنی جیابوونه‌وه، به‌داخه‌وه ئه‌وان هێرشیان ده‌ستپێكرد".
دوای حەوت مانگ لە یەکگرتنەوەیان، هەردوو باڵەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، جارێکی دیکە تووشی لێک‌دابڕان بوون و لە چەند رۆژی رابردوودا لە سایت و سۆشیال میدیاکان هێرشیان بۆ سەر یەکتر دەستپێکرد.
دوێنێ 21ی حوزەیرانی 2023، سکرتاریەتی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند "عومەری ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، لە ماڵەکەی خۆی لە ئۆردوگای بانەگەورە گەمارۆ دراوە و هەڵسوکەوتی لەم شێوەیە دوورە لە هەموو پرەنسیپێکی حیزبی و ئەخلاقی و بە هیچ شێوەیەک رێگە پێدراو نییە. بکەرانی ئەم کردەوە نابەرپرسانەیە دەبێ وڵامدەرەوەی دۆست و دڵسۆزانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان بن".
هاوکات کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند "لە دوای تێپەڕبوونی چەند مانگ لە راگەیەندنی دەسپێکی فەرمیی پرۆسەی یەکگرتنەوە بۆ یەکخستنی ریزەکانی هەر دوولا و ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەی هاوبەشی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دەبێ رابگەیەنین کە بەهۆی بەڕێوەنەچوونی رێککەوتنەکان و لادان لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناكۆكیی سیاسی، ئەم پرۆسەیە بە ئەنجام نەگەیشت".
حزبی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1978 دامەزراوە و لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، بوو بەشێک لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران، دواتر لە حزبی کۆمۆنیستی ئێران جیابووەوە و ئاڵای کوردستانیان بە فەرمی ناسی و وەکو حزبێکی چەپی کوردستانی درێژەییان بە چالاکیەکانیاندا.
لە ساڵی 2007 کێشە لەنێوان کۆمەڵە روویدا و لەژێر دوو ناوی جیاوازدا درێژەیان بە چالاکییەکانی خۆیاندا، لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکانی ئێران ناسراو بە "شۆڕشی ژینا" لە ساڵی 2022 هەردوو باڵەکەی کۆمەڵە یەکگرتنەوەیان راگەیاند، بەڵام لەمساڵدا جارێکی تر کێشە کەوتە نێوانیان و دوێنێ بە فەرمی رایانگەیاند، کە یەکگرتنەوەیان بە ئامانج نەگەیشتووە و ئەمڕۆ 22/6/2023 شەڕی چەکداری لەنێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا.