دوایین زانیارییەکان لەسەر شەڕەکەی زڕگوێز

K24 - هەولێر:
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی سنووری گوندی زڕگوێز کە لەنێوان دوو پارتی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستببوو، ئێستا روو لە هێوربوونەوەیە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی ئاسایش چوونەتە نێو بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بەرە بەیانی ئەمڕۆ باسیان لەوەکرد، پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان گەمارۆی بارەگاکەیان داوە، بەڵام ئێستا بەهۆی چوونە ژوورەوەی هێزەکانی ئاسایش، دۆخەکە هێور بووەتەوە.
ئاماژە بەوەشدرا، هیچ ئاگربەستێک لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا رانەگەیندراوە کە بەشەڕ هاتوون، تەنیا ئەوەندە هەیە، کە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان داوایان لە پێشمەرگەکان کردووە، هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبێت و تەقە نەکەن.
بەیانی ئەمڕۆ لە گوندی زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی شەڕ لەنێوان هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەوبارەیەوە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لەلایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێر، هێرش کراوەتە سەر فێرگە و ئۆردوگا و بە قەناس تەقە لە پێشمەرگە کراوە، بەداخێکی زۆرەوە تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانیان لەدەستداوە".