فەرماندەی پاسەوانی کەنار دەریای ئەمەریکا: پاشماوەی ژێردەریایی تایتنمان دۆزییەوە کە سەرجەم سەرنشینەکان گیانیان لەدەستداوە

K24 - هەولێر:

فەرماندەی پاسەوانی کەنار دەریای ئەمەریکا دۆزینەوەی ژێردەریایی تایتنیان دوای پێنج رۆژ لە بێ سەرو شوێن بوون و گەڕانی بەردەوام راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە(22ـی حوزەیرانی 2023)، ئەدمیڕاڵ جۆن ماوگێر، فەرماندەی پاسەوانی کەنار دەریای ئەمریکا، رایگەیاند، پاشماوەی ژێردەریاییەکە هەزار و 600 پێ لە ژێر دەریادا دۆزراوەتەوە و سەرجەم سەرنشینەکانیشی گیانیان لەدەستداوە.

فەرماندەی پاسەوانی کەنار دەریای ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بەیانییە ئامێری ئاڕ ئۆ ڤی لە کەشتی هۆڕایزن ئارکتیک بەشی دواوەی کەشتی ژێردەریایی تایتنی دۆزییەوە، کە نزیکەی هەزار و 600 پێ لە ژێر دەریا کەوتبوو.

گوتیشی: دواتر ئامێری ئاڕ ئۆ ڤی توانی پاشماوەکانی دیکەی ژێردەریاییەکە بدۆزێتەوە، بە راوێژ لەگەڵ شارەزایانی ناو فەرماندەیی یەکگرتوو پشتڕاستکرایەوە، کە پاشماوەکان بەهۆی لەدەستدانی کارەساتباری ژووری هەوای کەشتییەکە لەکارکەوتوون.

ئەدمیڕاڵ جۆن ماوگێر، ئەوەشی خستەڕوو، لە دوای ئەم دۆزینەوەیە، راستەوخۆ خێزانی قوربانییەکانمان ئاگادارکردەوە و "بە ناوی هێزی پاسەوانی ئەمەریکا و تەواوی فەرماندەیی یەکگرتوویی سەرەخۆشی لە خێزانی قوربانییەکان دەکەم".

سێشەممە(20ـی حوزەیرانی 2023)، بەگوێرەی هەواڵی میدیا ئەمەریکی و رۆژئاواییەکان، ژێردەریاییە گەشتیاریەکە قەبارەی بچووکبوو و پێنج سەرنشینی تێدابوو و لە پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەوە دیار نەماوە.

ئاماژە بەوەشدرا، یەکێک لەو پێنج سەرنشینە هامیش هاردینگی (58 ساڵ)ـە کە ملیاردێرێکی بەریتانیە و سەرۆکی کۆمپانیای (ئاکشن ئەڤیەیشن)ـی تایبەت بە فرۆشتنی فڕۆکەیە.

هەروەها سەرمایەداری پاکستانی، شەهزادە داود (48 ساڵ) و کوڕەکەی سولەیمان داود (19 ساڵ) کە نیشتەجێی بەریتانیان، دوو لە سەرنشینانی ژێردەریاییەکەن.

جۆن ماوگەر، دەریاوان لە پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەو ناوچەیەی ژێردەریاییەکە بۆی چووە، ناوچەیەکی ئاڵۆز و دوورە دەستە، بەپێی خەمڵاندنەکان ئۆکسجینی ناو ژێردەریاییەکە بۆ ماوەی 70 کاتژمێری دیکە یان چەند کاتژمێرێک زیاتر بەردەوام دەبێت.

کەشتی تایتانیک لە بەندەری ساوسهامپتن لە 10ـی نیسانی 1912 لە یەکەم گەشتیدا بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت، بەڵام لە رێگادا کەشتیەکە بەر شاخێکی سەهۆڵین دەکەوێت و نوقمی نێو زەریا دەبێت، لەو رووداوەدا لەکۆی 2240 سەرنشین لەنێو کەشتیەکە، 1500 کەس گیانیان لەدەست دا.

تایتانیک کە ئەوکاتە گەورەترین کەشتیی جیهان بووە، لە ساڵی 1985 بە دووری 650 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کەنەدا، لە قووڵایی چوار هەزار مەتر لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی زەریای ئەتڵەسی دۆزرایەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا گەشتیاران و راوچی گەنجینەکان سەردانی دەکەن.

Fly Erbil Advertisment