وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران: لاپەڕەیەکی نوێمان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەڵداوەتەوە

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ده‌ڵێت، "لاپەڕەیەکی نوێیان" هەڵداوەتەوە.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران زانیاریی لەسەر ئەو کۆبوونەوانە دا، کە لە چوارچێوەی گەشتەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو کە قەتەر، عوممان، کوێت و ئیماراتی لەخۆگرتبوو.

عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە كرد، لە میانی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتانە تاووتوێی تواناکانی هەماهەنگی لە بوارەکانی ئابووری، بازرگانی، گەشتوگوزار، کولتوور، زانست و تەکنەلۆژیای کردووە و رایگه‌یاند: "ئێران، لە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی سنووری باشووری کەنداو لاپەڕەیەکی نوێی هەڵداوەتەوە. لەگەڵ هەریەک لەم وڵاتانە بەشێوەیەکی جددی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان دەخەینە رۆژەڤمانەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی دیدار و پەیوەندییەکاندا، پرسی ئاسایشی ناوچەکەشیان تاووتوێ کردووە و گوتی: "بیرۆکەی درووستکردنی کۆڕبەندی دیالۆگ و هەماهەنگیی ناوچەیی خرایەڕوو و لەکاتی باسکردنی ئەو بیرۆکەیە لەگەڵ هەریەک لەو چوار وڵاتە بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکرا".

لە میانی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو کە 20ی حوزەیران دەستیپێکرد، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان سەردانی هه‌ریه‌ك له‌ قەتەر، عوممان، کوێت و ئیماراتی کرد و لەگەڵ سەرۆکی وڵاتەکان و بەرپرسە باڵاکان کۆبووەوە.

Fly Erbil Advertisment