کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا هەوڵی گۆشەگیرکردنی جۆو بایدن دەدەن

K24 - هەولێر:
ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا لە هەوڵدان بۆ دەرکردنی بڕیارێک بۆ گۆشەگیرکردنی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی سیاسەتەکانی دەرباری پرسی کۆچبەران لە سنوورەکانی مەکسیک.
لەوبارەیەوە، لۆرین بۆبۆرت نوێنەری ویلایەتی کۆلۆرادۆ لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا رایگەیاند، لیستێکی تۆمەتیان ئامادەکردووە تا جۆو بایدن گۆشەگیربکەن، چونکە ناوبراو ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکای خستووەتە بەردەم مەترسییەوە.
لەماوەی 200 ساڵی رابردوودا، سێ سەرۆکی ئەمەریکا رووبەڕووی هەوڵی گۆشەگیرکردن بوونەتەوە ئەوانیش: ئەندۆ جۆنسۆن و بیڵ کلینتۆن و دۆناڵد تڕەمپ بوون.
لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە لە تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوەچوو، لە ئەنجوومەنی نوێنەران کۆمارییەکان توانیان 218 کورسی مسۆگەر بکەن، ئەمەش مانای ئەوەیە کە زۆرینەی ئەو ئەنجومەنە لەلای کۆمارییەکانە.
پێشتریش لە رۆژی (8ـی تشرینی دووەمی 2022) لە گوتارێکیدا لەبەردەم لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکان لە واشنتن، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: کۆمارییەکان دەیانەوێت ئەمەریکا رووبەڕووی دابەشکاری ناوخۆیی ببێتەوە و بەشێکیان لەڕێگەی بانگەشەکانیانەوە هەوڵ بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی سیاسی دەدەن، کە ئەوە ئەمەریکا دەخاتە بەردەم مەترسییەوەکی گەورەوە.