رەعد ئۆمەربلی: پێویستە هاووڵاتییان قوربانی لە کوشتارگەکان بکەن

رەعد ئۆمەربلی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە هەولێر
رەعد ئۆمەربلی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە هەولێر

K24 – هەولێر:

پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە هەولێر، رایگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان قوربانیی لە کوشتارگەکان بکەن، چونکە هەم خاوێنترە و هەم دەبێتە هۆی خۆپارێزی لە نەخۆشی و پەتەکان، بەتایبەتی تای خوێنبەربوون.

ئەمڕۆ هەینی (23ــی حوزەیرانی 2023)، رەعد ئۆمەربلی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە هەولێر، لە میانەی گوتاری هەینیدا رایگەیاند، مەرجی قوربانیکردن دەبێتە ئاژەڵەکە نەخۆش نەبێت و تەندروستی باش بێت و شیاوی قوربانیکردن بێت.

راشیگەیاند، پێویستە هاووڵاتییان قوربانی لە کوشتارگەکان بکەن، چونکە هەم خاوێنترە و هەم دەبێتە هۆی خۆپارێزی لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی ئیسرا و میعراج لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، پێوسیتە قەسابەکان لەدوای سەربڕینی ئاژەڵەکاندا، جلەکانیان و چەقۆکانیان بە جوانی بشۆن، بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

ئەمە لە کاتێکدایە، رێککەوتی (21ــی حوزەیرانی 2023) عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فەتوا، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، شەریعەت کۆمەڵێک بنەما و رێنمایی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی قوربانی، دەبێت ئاژەڵەکە سەلامەت بێت و نەخۆش نەبێت، هەروەها پێویستە رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان بکرێت بە تایبەت لە کاتێکدا کە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە.

هەروەها راشیگەیاند، پێوسیتە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن لە کاتی قوربانیکردندا و لە شوێنێک ئاژەڵەکان سەرببڕدرێت کە تایبەت بێت بەو کارە لە شوێنی نایاسایی، ناوماڵان و گەڕەکەکان نەبێت، هەروەها پێویستە پاشماوەی ئاژەڵەکە فڕێنەدرێتە هەموو شوێنێک، بەڵکو فڕێبدرێتە ئەو شوێنانەی کە دیاریکراوە بۆ فڕیدانی پاشماوە. بۆ ئەوەی نەبێتە زیانگەیاندن بە هاوڵاتییان.

بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی فەتوا، دەشڵێت: چۆن پێیوستە مەرجی شەرعی لەو  ئاژەڵەدا هەبێت، پێویستە ئەو رێنماییانەش رەچاوبکرێت کە وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە.

عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتی: ئەگەڕ ئاژەڵی نەخۆش بکرێتە قوربانی کەسەکە گوناهبار دەبێت، چونکە ناکرێت خێرێک بکەیت و زیانیش بە هاووڵاتییان بگەینیت.

Fly Erbil Advertisment