ئۆپۆزسیۆنی رووسیا داوای هاوکاری و پاڵپشتی ڤاگنەر دەکەن
K24 - هەولێر
بازرگان و ئۆپۆزسیۆنی رووسیا کە لە دەرەوەی ئەو وڵاتە دەژین، ئەمڕۆ شەممە داوای لە رووسەکان کرد پشتیوانی لە سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بکەن، کە بەڵێنی رووخانی سەرکردایەتی سەربازیی رووسیای داوە.
میخائیل خودۆرکۆڤسکی، بازرگان و ئۆپۆزسیۆنی رووسیا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە، داوای لە رووسەکان کرد پشتیوانی لە سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر بکەن، کە بەڵێنی رووخانی سەرکردایەتی سەربازیی رووسیای داوە.
لەو پەیامەدا دەڵێت: "بەڵێ، تەنانەت شەیتانیش دەبێت یارمەتی بدرێت ئەگەر بڕیار بدات رووبەڕووی ئەم سیستەمە ببێتەوە، بەڵێ ئەمە تەنها سەرەتایەکە".
سەرۆکی گرووپی "ڤاگنەر"، یێڤگنی پریگۆژین، ڕاپەڕینی دژی سەرکردایەتی سەربازی رووسیا راگەیاند، ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی چوونەتە ژوورەوەی خاکی رووسیا.
پریگۆژین لە پەیامێکی دەنگیدا لە کەناڵی تێلێگرامدا گوتی: هێزەکانیان سنوورەکانی رووسیایان بەزاندووە، ئەوان 25 هەزار چەکداریان هەیە.
پریگۆژین پشتڕاستی کردەوە کە چووەتە ناو شاری رۆستۆڤ کە شارێکی باشووری رووسیایە و هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکرانیا.