بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکەوە لە دوورگەیەکی ئیتاڵیا 40 کۆچبەر بێسەروشوێن بوون

K24 - هەولێر
بەهۆی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دوورگەیەکەی ئیتاڵیا 40 کەس بێسەروشوێن بوون، کە منداڵ و ئافرەتی تێدایە.
گوتەبێژ بەناوی کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیتاڵیا، کیارا کاردۆڵیتی رایگەیاند، بەهۆی نقوم بوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دوورگەی لامپدوسای ئیتاڵیا 40 کەس بێسەروشوێن بوونە.
کاردۆلیتی لە تویتەر رایگەیاند، لەنێوان بێسەروشوێنانی بەلەمەکە منداڵی تەمەن بچووک و ئافرەتی تێدایە.
فلافیۆ دی جیاکۆمۆ، گوتەبێژی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ رایگەیاند، بەلەمە ئاسنینەکە لە سەفاقسی تونس، 46 کۆچبەری لە وڵاتانی کۆت دیڤوار، بورکینا فاسۆ و کامیرۆنەوە هەڵگرتبوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلەمەکە بەهۆی بایەکی بەهێز و شەپۆلی بەرزەوە وەرگەڕاوە، گوتیشی: "ژمارەیەک لە رزگاربووان گواستراونەتەوە بۆ لامپدوسا و ژمارەیەکی دیکەش گەڕێندراونەتەوە بۆ تونس".
گوتیشی: لەنێوان بێسەروشوێنەکان حەوت ئافرەت و منداڵێکی تەمەن بچوک هەیە، ئەوانەی رزگارکراون هەموویان گەنجی پێگەیشتوون، دەشڵێت: لە مانگی تشرینی دووەمەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەفریقیا کە لە رێگەی تونسەوە هاتوون زیادیکردووە، چونکە رێگەی تونس بەرێگەیەکی سەلامەت دادەنرێت.
دوورگەی لامپۆدسا 145 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی تونس دوورە، یەکێکە لە رێگا سەرەکیەکانی کۆچبەران کە لەدەریای ناوەراست کۆچ دەکەن.
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری کۆچبەران رایگەیاند، لە ساڵی 2022دا، لە کۆی 105 هەزار کۆچبەر، زیاتر لە 46 هەزار کۆچبەر تەنها لەو دوورگەیەوە چوونەتە ناو خاکی ئیتاڵیا.