عێراق داوای بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی کەمپی هۆل دەکات

K24 - هەولێر
قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای کرد کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەبارەی کەمپی هۆڵ لە سووریا سازبکرێت.
لە میانی دیدارەکەی رۆژی شەممە 25ی حوزەیرانی 2023، لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، داوای کرد پێش کۆتایی هاتنی ئەم ساڵ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لەسەر کەمپی هۆڵ سازبکرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا تاوتوێی زۆر دۆسیە و بابەتی هاوبەشیان کرد کە لە پێش هەموویان دۆسیەی کەمپی هۆڵی سووریا بوو، ئاماژەیان بەوەشکرد، پێویستە وڵاتان هاووڵاتیاینی خۆیان لە کەمپەکە بگوازنەوە وڵاتەکانیان، ئەمە جگە لەوەی تاوتوێی بەردەوامی هاوکارییەکانیان کرد لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوکاری نێوان عێراق و ئەمەریکا.
ئەعرەجی گوتیشی: رێبازی پتەوی وڵاتەکەی درێژەدان بە هاریکارییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، روونیشیکردەوە، سیاسەتی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتاندایە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەمەریکا، ئەلینا رۆمانۆوسکی، پاڵپشتی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ماددە هۆشبەرەکان و پرسەکانی مرۆیی دووپاتکردەوە، بەتایبەتی پاڵپشتی تیمی یەکگرتن و چاکسازی دەروونی وەزارەتی کۆچ کۆچبەران.
کەمپی هۆڵ دەکەوێتە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان و نزیک سنووری عێراق و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دایە.
کەمپی هۆڵ نزیکەی 56 هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان ژن و منداڵن، 15 هەزار و 331 خێزانی عێراقی و سووری وبیانی تێدایە.