جەنەراڵێکی پێشووی سوپای ئەمەریکا: سەد لەسەد لەگەڵ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیدام بۆ هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

سەبارەت بە پرۆژەیاسایی ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان، جەنەراڵ ئێرنیست ئۆدێرنۆ، جەنەراڵی پێشوو لە سوپای ئەمەریکا بە کوردستان24ی راگەیاند، پێویستە واشنتن دەستەبەری ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکات، هەربۆیە سەد لەسەد لەگەڵ ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانیدان بۆ هەرێمی کوردستان.

جەنەراڵ ئیرنیست ئۆدێرنۆ باسی لەوەکرد، هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی مەزنی ئەمەریکایە و ئێستا پێویستییان بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە، چونکە لەژێر هەڕەشەی چەندبارەبووەوەی ئێران و نزیکەکانی ئێراندان.

لە ئەگەری ناردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو جەنەراڵە ئەوەی خستەڕوو، پێنتاگۆن بە دوو رێگا دەتوانێت سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکات، یەکەم رێگا بە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بەکارهێنانی سیستەمەکە، دووەم رێگاش ئەوەیە کە ئەمەریکییەکان خۆیان لەو ناوچەیە سەرپەرشتی بەکارهێنانی سیستەمەکە بکەن.

ئەو جەنەراڵە دەڵێت: من سەد لەسەد پشتیوانی دابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان دەکەم.

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی کۆنگرێسی ئەمەریکا بڕگەیەکی بۆ هەمواری یاسای وەزارەتی بەرگریی 2024ـی زیاد کردووە و داوا دەکات سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت، هاوكات گوته‌بێژی پێشووی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ریكا ئامانجییه‌تی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ رابگرێت.

جەنەراڵ ئیرنیست ئۆدێرنۆ گەشبینە بەوەی پرۆژەیاساکە لە ئەنجوومەنی پیران تێدەپەڕێت، بەڵام گوتی: دڵنیانیم سەرۆک بایدن واژۆی دەکات یاخود نا.

Fly Erbil Advertisment