کەرکووک.. مانگرتنی جووتیارانی تۆپزاوا لە دژی رێگرییەکانی سوپای عێراق بەردەوامە
K24 - هەولێر
مانگرتنی جووتیارانی گوندی تۆپزاوا، داقووق، قەرەهەنجیر و ژمارەیەک گوندی دیکەی سنووری پارێزگای کەرکووک لە دژی رێگرییەکانی سوپای عێراق و دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بەردەوامە.
مانگرتووەکان کە نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەگەڕان و ژمارەیەک ناحیەی دیکەشی لەنێویاندایە، ماوەی زیاتر لە 25 رۆژە خێوەتێکییان لەسەر رێگەی فڕۆکەخانەی کەرکووک داناوە و، وەکو خۆیان دەڵێن، تا ئێستا بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی داواکارییەکەیان کە "هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعسی" پێشووە نەدراوەتەوە.
هێمن حەسیب، نووسەر و چالاکوانی بواری جینوساید کە هاوشان لەگەڵ جووتیاران بەشداریی لە مانگرتنەکەدا کردووە، بە کوردستان24ـی گوت، "پاڵپشتیی خۆمان بۆ ماف و داواکارییە رەواکانی جووتیارە کورد و تورکمانەکانی مانگرتوو رادەگەیەنین و پێمان وایە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق درێژە پێدەری ئەو رابردووە تاڵایە کە خەڵکی ئەم ناوچەیە لەگەڵ سوپای عێراق هەیەتی".
تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن. سوپای عێراق داوای لێکردوون نەک تەنیا واز لە زەوییەکانیان بهێنن، بەڵکو گوندەکەش چۆڵ بکەن.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لای خۆیەوە بە وردی چاودێریی پرسی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری کەرکووک دەکات و هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و ئیدارەی کەرکووک بە مەترسییەکی گەورەی تەعریب دەزانێت.