وەزارەتی کارەبا: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و کێشەکە چارەسەر کرا

K24 - هەولێر
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئاساییبوونەوەی دۆخی کارەبا رادەگەیەنێت و دەڵێت، هەزار و 800 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، "دۆخی کارەبا ئاسایی بووەوە و ئەو گرفتەی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ ببووە هۆی وەستانی پڕۆسەی گواستنەوەی گازی شل بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەر کرا."
بەگوێرەی هەمان راگەیەندراوی وەزارەتی کارەبا، "ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە و 1800 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی نیشتمانی دەگەڕێتەوە".
ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی کارەبا لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە وەزارەتەکە ئاگاداری هاوبەشانی كارەبای کردەوە، "بەهۆی گرفتێكی تەكنیكی لە پرۆسەی گواستنەوەی شلەی غاز لەلایەن كۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ ناو کۆگاکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاستی غازی شل لەناو كێڵگەی كۆرمۆڕ بەرزبووەتەوە و مەترسی لەسەر كێڵگەكە دروست كردووە."
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دابوو، "بەناچاری بەرهەمهێنانی غاز بە بڕی 250 ملیۆن مەتر سێجا كەم كراوەتەوە، بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی كارەبا 1800 مێگاوات كەم بووەتەوە. لە ئێستادا هەموو لایەنە پەیوەندارەكان لە هەوڵی چارەسەركردنی گرفتەكەدان."